ئێران بۆ ئەمەریکا: بۆردومانی سەر غەززە رابگرن ئەگەرنا تووشی زیانێکی گەورە دەبن
K24 – هەولێر:
لە درێژەی بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، وەزیری بەرگری ئێران، هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمەریکا و دەڵێت، ئەگەر بۆردومانەکانی سەر غەززە رانەگرن، ئەوا ئێمەش بێدەنگ نابین و زیانێکی گەورە دەکەن.
محەممەد رەزا ئاشتییانی، وەزیری بەرگری ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئامۆژگارییمان بۆ ئەمەریکایە و دەبێت بە زووترین کات بۆردومانی سەر غەززە رابگرێت و ئاگربەست رابگەیەنرێت، ئەگەرنا بە توندی لێتان دەدەین.
گوتیشی، دەبێت هەمووان کاربکەن بۆ راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، هەروەها گەیاندنی هاوکارییە ئەمەریکی و ئەوروپییەکانیش بۆ ئیسرائیل ڕابگیرێت.
لە پاش هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل و بۆردومانە چڕەکانی سەر کەرتی غەززە، ترسە نێودەوڵەتییەکان بۆ فراوان بوونی سنووری شەڕەکە زیاتر بووە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 14 جار هێرش کراوەتەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، بەپێی راگەیەندراوی پێنتاگۆنیش، 21 سەربازی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەهۆی هێرشەکانەوە برینداربوون.
لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.
بەپێی ئاماری تەندروستی لە غەززە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتووەتە نۆ هەزار و 488 کەس لەنێویاندا سێ هەزار و 900 یان منداڵن، هەروەه اتاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون.