ئیل مۆندۆ: سەربازێکی شەڕکەری ئیسپانی لە ریزی سوپای ئیسرائیل هەفتانەی 3900 یۆرۆیە
K24 – هەولێر:
رۆژنامەیەکی ئیسپانی ئاشکرای کرد، ژمارەیەک سەربازی بیانی بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر لە ریزی سوپای ئیسرائیل شەڕ دەکەن.
پێدرۆ دیاز فلۆریس، سەربازێکی ئیسپانییە و بە رۆژنامەی ئیل مۆندۆی راگەیاندووە، بەرامبەر پارەیەکی زۆر لە ریزی سوپای ئیسرائیلدا شەڕ دەکات و ئەرکیان تەنیا پاراستنی کاروانی چەکەکانی سوپای ئیسرائیلە.
ئەو سەربازە ئیسپانییە زۆر بە وردی باسی ئەو بارودۆخەی کردووە کە لە ریزی سوپای ئیسرائیلدا بەسەری دەبات لە شەڕی دژ بە بزووتنەوەی حەماس لە غەززە و ئاشکرای کردووە کە لە بارودۆخێکی باشدان.
سەربازە ئیسپانییەکەی ریزی سوپای ئیسرائیل بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، "من لەپێناو پارە هاتووم، ئەوان پارەی باش دەدەن و پێداویستی سەربازی باشیان هەیە و پێمان دەدەن،کارەکەش هێمنە، کرێیەکە 3900 یۆرۆیە لە هەفتەیەکدا".
پێدرۆ دیاز باسی لەوەشکردووە، "ئێمە ئەرکمان تەنها پاراستنی کاروانەکانی چەکی ئیسرائیلە".
شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس چووە نێو رۆژی سییەم و لەگەڵ بۆردومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ڕۆژی شەممە ژمارەی ئەفسەر و سەربازە کوژراوەکانی سوپای ئیسرائیل بەرزبووەتەوە، هەر لەسەرەتای دروستبوونی جەنگی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، گەیشتە 345 کوژراو.
هاوکات ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە، زیاتر لە 10 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.
ئا/ کارزان حەیدەر