لێکۆڵەرێکی ئەمەریکی: واشنتن نایەوێت ململانێکان فراوانتربن
K24 - هەولێر
لێکۆڵەرێکی ئەمەریکی رایگەیاند: ئەمەریکا پاڵپشتی هاوبەشەکانی دەکات، بەڵام نایەوێت ململانێکانی ناوچەکە فراوانتر بن.
د. قانتا ئەحمەد، لێکۆڵەر لە نیویۆرک، لەمیانی بەشداری کردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـی راگەیاند: "ئەمەریکا هەموو پشتیوانییەک لە ئیسرائیلی هاوپەیمانی دەکات، بۆیە من پێم وایە ئەوە شەڕێکی یاسایی و شەرعییە دژی حەماس، دەبێ خەڵکی سڤیل بپارێزرێت، بەڵام حەماس وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاریان دێنێت".
گوتیشی: "بەرژەوەندی هاوبەش لەنێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل هەیە، لە 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشی کردووەتە سەر خەڵکی سڤیلی ئیسرائیل، هاووڵاتی سڤیل کوژراون، ئەمە شتێکە مەگەر تەنیا لە داعش بینرابێت، بۆیە پاڵپشتی کردن لە ئیسرائیل واتە دژی جیهادی ئیسلامی توندڕەو، ئەوەی لە رابردوودا بەرامبەر کورد و عێراقییەکان کرا، هەمان ئەو جیهادییانەن کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دژییان وەستایەوە لە عێراق و ناوچە سنوورییەکانی سووریا و تێکی شکاندن، بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە ئەمەریکا پاڵپشتی لە هاوپەیمان و بەهاکانی دەکات".
ئەو لێکۆڵەرە، گوتی: "بەڕوونی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا، ئەم هێزانە لەگەڵ هێزە تایبەتەکانی کوردستان و عێراق دانراون و هەماهەنگی هەیە لەگەڵیان، بەڵام ئێران لە رێگای میلیشیاکانی خۆیەوە هێرشیان دەکاتە سەر، بەداخەوە کە عێراق کەوتووەتە ژێر هەژموون و دەسەڵاتی ئەو میلیشیانە کە سەر بە ئێرانن، ئێمە دەزانین لەناو عێراق سوپای پاسداران مووشەکی دژە فڕۆکە و مووشەکی پێشکەوتووی داوەتە دەست ئەم میلیشیانە، جا لە عێراق بێت یان تەلئەڤیڤ یا سعوودیە، ئەمە شتێک نییە خەڵکی عێراق بیەوێت بە پێچەوانەوە، ئێران لە رێگای ئەم میلیشیایانە شەڕی عێراق دەکات".
گوتیشی: "ئەمەریکا لەم شەڕە دەیەوێت زیانەکان کەم بکاتەوە، نایەوێت ململانێکان لە ناوچەکە فراوانتر بن، نایەوێت لە عێراق حزوبوڵڵا بێتە ناو شەڕەکەوە، ئەوکاتە عێراق دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ، لەو رێگەشەوە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێدەکات، ئەمەش کارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ ئیسرائیل و عێراقیش".