ژێردەریایی ئەتۆمی ئۆهایۆ گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 - هەولێر

فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا گەیشتنی ژێردەریایی ئەتۆمی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند.

فەرماندەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا، لە پلاتفۆڕمی ئێکس"تویتەری پێشوو" رایگەیاند، کە ژێردەریایی ئەتۆمی ئۆهایۆ گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ژێردەریاییەکە لە پلەی ئۆهایۆ دەچێتە پاڵ کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئایزنهاوەر و جیراڵد فۆرد و گرووپی کەشتییە جەنگییەکانیان کە پێشتر سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکەدا جێگیری کردبوو.

رۆژی شەممەی رابردوو، ئەمەریکا گەیشتنی کەشتی فڕۆکە هەڵگرەکانی، USS Dwight Eisenhower بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست راگەیاند لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ناوچەکە.

پێشتر ئەمەریکا چەند کەشتییەکی جەنگی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەوانە کردبوو، لەوانە کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکانی جیراڵد فۆرد و دوایت ئایزنهاوەر، لە پاشخانی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە، لە 7/10/2023، شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

ئا: لاڤین عومەر