ئەنتۆنی بلینکن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لە تورکیایە
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە تورکیا و هەوڵی هێورکردنەوەی توڕەیی ئەنقەرە لەسەر شەڕی غەززە دەدات.
دوای شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل کە لە 7ـی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد، ئەمە یەکەم سەردانی بلینکنە بۆ تورکیا.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە توڕەییەکانی تورکیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە دژی ئیسرائیل و رۆژئاوا زیاتر بووە.
رۆژی یەکشەممە، پۆلیسی تورکیا گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی سەدان خۆپیشاندەر، کە لە دەرەوەی بنکەیەکی ئاسمانی کە هێزەکانی ئەمەریکای تێدا نیشتەجێیە گردبوونەوە.
لای خۆیەوە ئەردۆغان ئەمرۆ دووشەممە، سەردانی ناوچەیەکی دوورە دەستی باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەی کرد، ئەمەش پێدەچێت وەکو بێڕێزییەک بێت بۆ بلینکن.
بڕیارە بلینکن چاوی بە هاکان فیدان هاوتا تورکەکەی بکەوێت و باسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بکەن.
ئەم شەڕە ڕەنگە کاردانەوەی گەورەی هەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تورکیا کە هەردووکیان ئەندامی ناتۆن و دەستیان لە ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.
سەردانەکەی بلینکن لە دوای گەشتە خێراکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێت، کە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی لەخۆگرتبوو، کە لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین کۆبووەوە.
ئەنقەرە ناڕازییە لە دواکەوتنی کۆنگرێسی ئەمەریکا لە پەسەندکردنی رێککەوتنێک کە لەلایەن جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پاڵپشتی دەکرێت، کە ئامانجی بە مۆدێرنکردنی هێزی ئاسمانی تورکیایە، بە فڕۆکەی جەنگی ئێف 16.
رۆژی یەکشەممە ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەییەکانی لە پشت پەردەوە کاردەکات بۆ ئەوەی هەوڵی دەستەبەرکردنی بەردەوامی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە بدات، بەڵام هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پچڕاند و باڵیۆزی ئەنقەرەی لە ئیسرائیل بانگهێشت کردەوە لەبەرامبەر ئەوەی لە غەززە روودەدات.
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا، رۆژئاوای تۆمەتبار کرد گوتی: ئەوانەی کە فرمێسکی تیمساحیان دەڕژاند بەسەر ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لە شەڕی ئۆکرانیا و رووسیادا کوژراون، ئەمڕۆ بە بێدەنگی شایەتحاڵی کوژرانی هەزاران منداڵی بێتاوانن لەکەرتی غەززە.