رووسیا مۆزەخانەیەک و چەند بارهەڵگرێکی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا دەکات ئامانج

K24 - هەولێر

کاربەدەستێکی ئۆکرانیا لە بەندەری ئۆدیسا رایگەیاند، لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا، بەلایەنی کەم پێنج کەس بریندار بوون و چەند بارهەڵگرێکی دانەوێڵەش گڕیان گرت و زیانیش بە مۆزەخانەیەکی هونەری کەوت.

ئۆلیە کیپەر حاکمی ناوچەی ئۆدیسا لە پلاتفۆرمی تێلێگرام رایگەیاند، لە 6ـی ئەم مانگەدا، مۆزەخانەی نیشتمانی هونەری ئۆدیسا یادی 124 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە، لەوسەروبەندەدا رووسیا بە مووشەک شوێنەکەی کردووەتە ئامانج، گوتیشی: دیوارەکانی مۆزەخانەکە زیانیان بەرکەوتووە و بەشێک لە پەنجەرە و شووشەکان شکاون.

کیپەر دەشڵێت: زۆرێک لە باڵەخانە بەرزەکانی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە، کۆگاکان و بارهەڵگرەکانی دانەوێڵەش گڕیان گرتووە، بەڵام دواتر کوژێنراونەتەوە.

ئەو بەرپرسە ئۆکرانییە باسی لەوەشکرد، 15 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان  رووسیا لەهێرشەکەدا لەناو براون.

لە شوباتی ساڵی 2022، رووسیا ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا شەڕ و ململانێکان بەردەوامە، هەروەها بە هۆی ئەم جەنگەوە ​بەدەیان هەزار کەس کوژراون و برینداربوون، بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەبوون.