شەڕی غەززە زیانی بە ئابووری شەش وڵات گەیاندووە
K24 - هەولێر
شەڕی حەماس و ئیسرائیل کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەردەوامە، بە بڕی زیاتر لە 22 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی شەش وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیاندووە. بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززەش زیاتر لە 150 ملیار دۆلار پێویستە.
زیاتر لە مانگێک بەسەر ھێرشەکەی بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل تێدەپەڕێت. ماوەی زیاتر لە چوار هەفتەشە ئیسرائیل بە بەردەوامی کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، زیاتر لە 10 هەزار هاووڵاتی لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا کوژراون و هەزارانی دیکەش بریندارن.
بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 ھەزار فەڵەستینی ئاوارەبوون. ئێستا نیوەی ئەم ئاوارانە بەزەحمەت ژەمێک نانخوادن و ئاوی خواردنەوەیان دەست دەکەوێت. هەر بەهۆی شەڕەکەوە، زیاتر لە سەدا 80ـی باڵەخانە، نەخۆشخانە، شەقام و خانووی ھاووڵاتییان لە شاری غەززە وێران بوون.
خەرجی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بووە و حکومەتی ئەو وڵاتە دەڵێت، قەرەبووی ماددی ھەموو ئەو ھاووڵاتییە ئیسرائیلیانە دەکەنەوە کە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەگەر لەکاتی ئێستادا ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس بوەستێن، ئاوەدانکردنەوەی غەززە زیاتر لە 150 ملیار دۆلاری تێدەچێت. نزیکەی 40 ھەزار ھاووڵاتیی فەڵەستینی کە لە ئیسرائیل کاریان دەکرد، بەهۆی شەڕەکەوە کارەکەیان لەدەستدا و نێردراونەتەوە بۆ غەززە.
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی جەزیرەی قەتەری، شەڕەکەی حەماس و ئیسرائیل بە بڕی زیاتر لە 22 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووریی هەر یەکە لە وڵاتانی تورکیا، لوبنان، میسر، ئوردن، عێراق و ئێران گەیاندووە.
ئامادەکردن: لاڤین عومەر