لیزا فەلەکەدین: بانگەشەی پارتی لە کەرکووک بۆ خزمەتکردن و یەکڕیزییە
K24 - کەرکووک
یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی رێخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: پەیامی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکووک و پاراستنی یەکڕیزییە.
لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی و یاریدەدەری سەرۆکی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک – گەرمیانی پارتی، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەهێزەوە هاتووینەتە کەرکووک لەگەڵ جەماوەر و کاندیدی خۆمان، هەوڵی ئەوە دەدەین زۆرترین دەنگ و زۆرترین پشتگیر بۆ لیستەکەمان، لیستی 197 کۆبکەیەنەوە".
گوتیشی: "کاندیدەکانمان بە بەردەوامی لەناو خەڵکن، ئێمەش لەگەڵیان دەبین، بەڵێنیشیان پێدەدەین بەبێ جیاوازی، خزمەتی لیستەکە و خەڵکی کەرکووک بکەین، بە هەموو پێکهاتووەکانەوە، پەیامی ئێمە یەکڕیزییە، لەسەر ئەو بنەمایە کە پێی دەگوترێ پێکەوەژیان یەکتری بپارێزین، بەو پەیامەوە بانگەشە بۆ لیستەکەمان دەکەین".
لیزا فەلەکەدین، راشیگەیاند: "گەڕانەوەمان بۆ کەرکووک دەستیپێکردووە، ئێستا لقی سێ گەڕاوەتەوە ئەوانی دیکە هەنگاو بە هەنگاو کاتێکی زۆری پێناچێت، پارتی هەر لە کەرکووک بووە لەناو دڵی پێکهاتەکان و خەڵکی کەرکووک بووە، بەتایبەت ئەوانەی کە بڕوایان بە هێز و ئیرادەی ئەو پارتەوە هەیە".
لە کۆبوونەوەی 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، لهپێناو پاراستنی گیانی تهبایی و سهقامگیری شارەکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بڕیاریدا بارەگای پێشووی ئەنجومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک و بیکاتە دیاری بۆ قوتابییان و پرۆسهی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شارهكه.
5/11/2023 لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک، بەخشییە زانکۆی کەرکووک وەک دیارییەک بۆ قوتابییانی ئەو شارە، هەمان رۆژ بارەگای لقی 3ی لە کەرکووک وەرگرتەوە کە زیاتر لە شەش ساڵ بوو داگیرکرابوو، بڕیارە دوای نۆژەنکردنەوەی لقی سێی پارتی لەو بارەگایە دەست بە چالاکییەکانی بکاتەوە.