بەهۆی شەڕی غەززەوە بێکاری رووی لە ئیسرائیل کردووە

K24 - هەولێر

بەھۆی شەڕی غەززەوە کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر دەستی پێ کردووە و تا ئێستا بەردەوامە، بێکاری لە ئیسرائیل زیادی کردووە.

بەپێی راپۆرتی مانگانەی فەرمانگەی دامەزراندنی ئیسرائیل، کە لەلایەن رۆژنامەی "Globes" تایبەت بە ئابووری ئیسرائیل، رایگەیاند، لە سەرەتای شەڕی غەززە، تا ئێستا 70 ھەزار کەس لە ئیسرائیل بێکار بوون.

ئەم ژمارەیە تەنها لەماوەی مانگێکدا تۆمارکراوە، کە بە رێژەی 460% زیادی کردووە، لە کاتێکدا لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، 12 ھەزار و 500 داواکاری بێکاری لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە تۆمار کراوون.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، بەپێی دوایین ئامار ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە 10 هەزاری تێپەڕاندووە و به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ 70%ـی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.

ئا: لاڤین عومەر