هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ دەرەوە بەردەوامە
K24 – زاخۆ:
هەناردەکردنی هەناری کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە، پار ساڵ هەناری کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو هەناردەکرا و، بۆ ئەمساڵیش ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی هەزار تۆن هەنار، هەناردەی وڵاتانی کەنداو بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ 110 تۆن هەناری هەڵەبجە و زاخۆ، هەناردەی وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا دەکرێت.
ئەمساڵ هەناری هەڵەبجە و زاخۆ وەک قۆناغی یەکەم، 110 تۆنی هەناردەی وڵاتانی فەرەنسا و بەریتانیا دەکرێت. لەمبارەیەوە ئیدریس ئەنوەر، خاوەنی کۆمپانیای هەناردەی بەرهەمی ناوخۆیی، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە ئێستادا 65 تۆن هەنار بۆ فەرەنسا هەناردە دەکرێت چونکە ئێمە گرێبەستێکمان لەگەڵیان ئەنجامدابوو، هەروەها 45 تۆن هەناریش هەناردەی بەریتانیا دەکرێت، ئەو کارانەی کە ئێمە ئەنجاممانداوە بە هاوکاری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کارئاسانییەکی زۆری بۆ ئێمە کردووە تا بتوانین بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکەین".