ئەمەریکا داوای راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی لە ئیسرائیل دەکات بۆ ئازادکردنی بارمتەکان

دیمەنێکی غەززە دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە (وێنە: AFP)
دیمەنێکی غەززە دوای بۆردوومانکردنی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە (وێنە: AFP)

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی جۆ بایدن داوای راگەیاندنی ئاگربەستی کاتی کرد بۆ ئازادکردنی بارمتەکان، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەی حەماس بەردەوام دەبن و تاوەکو بارمتەکان ئازاد نەکرێن ئاگربەست راناگەیەنن. گرووپە چەکدارییەکانی غەززەش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئازادکردنی دوو بارمتەی ئیسرائیل و رایانگەیاندووە، هەرکاتێک بارودۆخی ئەمنی گونجاو بوو ئازادیان دەکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئیسرائیل رەزامەندی دەربڕیوە و رۆژانە 4 بۆ 5 کاتژمێر ئاگربەستی مرۆییە هەیە تاوەکو خەڵکی غەززە لەرێگەی دوو رێڕەوی مرۆییەوە لە باکوورەوە بڕۆنە باشوور. 

ڤێدانت پاتێڵ گوتی، "رۆژانە چوار بۆ پێنج کاتژمێر دوو رێڕەوی مرۆیی دەکرێنەوە، تاوەکو خەڵکی سڤیل لە باکووری کەرتی غەززەوە بڕۆنە باشوور. رێڕەوی یەکەم لە چەند رۆژی رابردوو بە هەزاران کەس لێوەی چوونەتە باشوور و رێڕەوی دووەمیش بە درێژایی کەناراوەکان هەزاران کەسی دیکەش دەچنە باشوور. لەگەڵ ئیسرائیلیش لە هەماهەنگیدا دەبین و چاومان لەسەر جموجۆڵەکانی حەماس دەبێت بۆ رێگریکردن لە کۆچی خەڵکی سڤیل بەرەو باشوور".

لەلایەن خۆیەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد، ئەم ئاگربەستە مرۆییە کاتییە و تاوەکو بارمتەکان ئازاد نەکرێن ئاگربەست راناگەیەنن.

ناتانیاهۆ گوتیشی، "ئێمە ئامانجێکمان هەیە و کاتیشمان بۆ بەدەستهنانی دیارینەکردووە، هەنگاو بە هەنگاو کار بۆ بەدەستهێنانی دەکەین، هەوڵی کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیانمان و قوربانی سڤیل دەدەین و ئەوەندەی پێمان بکرێت ژمارەی قوربانییانی حەماسیش زیاتر دەکەین.شەڕی داعش و قاعیدە کاتێکی زۆری پیویست بوو، ئێمەش تاوەکو ئەوکاتەی پێویست بێت شەڕی حەماس دەکەین. تاوەکو بارمتەکانیش ئازادنەکرێن ئاگربەست نییە".

لەبەرامبەردا، گرووپە چەکدارەکانی غەززە ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی دوو بارمتەی دیکەی ئیسرائیلی نیشاندا و رایگەیاند، هەرکاتێک بارودۆخی ئەمنی لەبار بوو ئازادیان دەکەن.

ئەبو هەمزە، گوتەبێژی کەتیبەی قودسی گرووپی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند، "ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ ئازادکردنی دوو بارمتە دەردەبڕین، خاتوو حەننا و کوڕێکی دیکە بەناوی یاگیل یاکۆڤ، لەبەر هۆکاری مرۆیی و تەندروستی، چونکە بەهۆی نەبوونی دەرمان و سووتەمەنی و کارەبا ناتوانین چارەسەری پێویستیان بۆ بکەین. ئەگەر دۆخی ئەمنی گونجاو بوو ئازادیان دەکەین".

هاوکات جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە، سێ رۆژ ئاگربەست رابگەیەنێت بۆ ئەوەی بەشێک لە بارمتەکان ئازاد بکرێن، چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل و ئەمەریکاش ئاماژەیان بەوە کردووە، بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمەریکا و قەتەر گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، حەماس لەو سێ رۆژەدا 10 بۆ 15 بارمتە ئازاد دەکات.

جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 35 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، نزیکەی لە 1500 ئیسرائیلی کوژراون کە زیاتر لە 350 کەسیان سەربازی سوپان و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەشدا چوار هەزار و 506 منداڵ لەخۆدەگرێت کە لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.