سەباح سوبحی: بڕی ئەو تێچووەی بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دیاریکراوە کەمە
K24 - هەولێر
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوتی کوردستانە، ئەو تێچووەی حکومەتی عێراق، دەستنیشان کردووە بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، لە چاو تێچووە راستییەکە کە دایناوە زۆر کەمە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەردانی وەزیری نەوتی عێراق بۆ هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا سەردانی هەولێری کرد و لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، کێشە و گرفتەکان خرانەڕوو، گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکان مووچە، نەوت و ئەو هەوڵانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئاراستەی چەند بنکەیەکی هاوپەیمانان دەکرێت.
گوتیشی: "سەردانەکەی وەزیری نەوتی عێراق، لە چوارچێوەی دانووستانی نێوان حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ دێت، ئەوەی قسەی لەسەر دەکرێت بووە بە بابەتێکی گرنگ تێچووی دەرهێنانی نەوتە، ئەو تێچووەی دەستنیشان کراوە بۆ دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەراورد بەو تێچووەی کە حکومەتی عێراق دایناوە زۆر کەمە.
د. سەباح سوبحی ئاماژەی بەوەشکرد "گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانە کە بە گرێبەستی شەراکەت دادەنرێت، تێچووی دەرهێنانی نەوت زۆر زیاترە، لە هەشت هەزار و 600 دینار، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیاکان داوای مافی خۆیان بکەن".
راشیگەیاند، هەفتەی رابردوو، نوێنەری کۆمپانیاکان لەگەڵ کۆمپانیایی سۆمۆ و نوێنەری وەزارەتی نەوتی فیدراڵی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەیەکدالە دوبەی دیداریان هەبووە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت و رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە.
ئەمە لەکاتێکدایە کۆمپانیای "بۆتاکی" تورکی لە 2/10/2023، لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە، بۆرییەکانی کەرکووک جیهان ئامادەیە، بۆ هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە دەکاتە 450هەزار بەرمیل.
زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان تێدەپەڕێت، کە بەهۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا درا و رۆژی 25ـی ئاداری 2023، عێراق سکاڵاکەی تورکیای بردەوە و تورکیا بە پێدانی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-11-2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت سەردانی گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.
ئا: لاڤین عومەر