بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە رەتیدەکەنەوە بۆ چارەسەر بچنە نەجەف

K24 - هەڵەبجە

ژمارەیەک لە بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی رەتدەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی چارەسەر ببرێنە نەجەف، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیایی رایدەگەیەنێت: ئەو بەرکەوتووانە لەلای دکتۆری دیکە چارەسەریان بۆ کراوە و ناکرێ لەلای دکتۆرێکی دیکە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت.

جەختیکردەوە، بریندارەکان ئامادەنین كە بچنە پارێزگای نەجەف بۆ ئەوەی نەشتەرگەریی چاویان بۆ بكرێت.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، بە کوردستان24ی گوت: "ژمارەیەک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە پەیوەندییان بە ئێمەوە کردووە، رەتیان کردەوە بۆ چارەسەر ببرێنە پارێزگای نەجەف".

گوتیشی: "ئێمە چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکات، بۆ ئەوەی ئەو بەرکەوتووانەی بۆ چارەسەر رەوانەی شوێنی دیکە بکرێن، ئەوان پێشتر نەشتەرگەری دیکەیان بۆ کراوە و ئامادەکاری کراوە بۆ چاندنی گلێنەی چاو لەلایەن دکتۆرێکی دیکە، ناکرێ دکتۆرێکی دیکە ئەو نەشتەرگەرییەکە بکات".

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی چەکی کیمیایی داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی دەکات، بێنە سەرخەت، دەڵێت: "لە هەڵەبجەوە تا بالیسان تەنیا 19 کەس وەک بەرکەوتەی کیمیایی تۆمار کراون بۆ ئەوەی گلێنەی چاویان بۆ بچێنرێتەوە، ئەمەش جێگەی پرسیارە".

راشیگەیاند: "من یەکێکم لەو بەرکەوتووانە ئامادە نیم لە پارێزگای نەجەف نەشتەرگەریم بۆ بکرێت، هیوادارم حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەم داواکارییەکەمان بێن".

روونیکردەوە: "ئەو کەیسە تێکەڵ و پێکەڵی تێدا کراوە، پێشتر بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە 64 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی دەستنیشان کردبوو کە بۆ چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵاتیان بکات، بەڵام کە ئەو تیمەی بەغدا هاتن لەو ژمارەیە 19 کەسیان هەڵبژاردووە لە نەجەف چارەسەریان بۆ بکەن".

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە وەزارەتی تەندروستی خاوەندارییەتی ئەم کەیسە بکات.

هەر ئەمڕۆ و لەلایەکی دیکە لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ئێمە بە گومانین لە ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە ئایا نەشتەرگەرییەکان چۆنە؟ لە رابردوودا ئێمە چوار بەرکەوتەمان لە رێگای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەوە رەوانەی وڵاتی ئێران کران، لە گۆڕینی دکتۆرەکانیان لە ئەنجامدا چاویان لەدەستدا، دووانەکەی دیکەش لەبەر ئەوەی لەکاتی خۆیدا نەبرابوون، هەردووکیان نەشتەرگەرییەکەیان سەرکەوتوو نەبوو.

گوتی: "بۆیە رووی دەممان دەکەینە لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەم بەرکەوتووانە، پێوستە خەمڵاندنێکی رژد بکرێت و ئەو سەردانانەی دوای نەشتەرگەرییەکە لەو خەمڵاندنە هەژمار بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم بەرکەوتووانە بەدەر لەوەی نەشتەرگەری دەکرێن، سوود لە سەردانی کردنەوەی پزیشکەکان وەربگرن".

لوقمان عەبدولقادر گوتیشی: "نەشتەرگەری گلێنەی چاو، کارێکی زۆر سەختە ئەوەی نەیکردبێت نازانێت، مامەڵە کردنیش لەگەڵ ئەو نەخۆشانە کارێکی ئاسان نییە، بۆیە هەر پزیشکێک بێت و تۆ بەرکەوتوانی بخەیتە بەردەست، لە دواجاردا ئێمە باجەکەی دەدەین، بۆیە ئێمە ئامادە نین و ژمارەیەکیش لەو بەرکەوتووانە ئامادە نین ئەو نەشتەرگەریانە ئەنجام بدەن".