بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵان لە هەولێر: 185 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە سنووری هەولێر هەن

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵان لە هەولێر رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر 185 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگی تایبەت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەدات.

رێباز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵان لە هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "لە چوارچێوەی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە گرنگییەکی تایبەتی داوە بە کەرتی کشتوکاڵ، لەو نێوەندەشدا سامانی ماسی و ئاژەڵ بێبەش نەبووە، هەروەک دەبینرێت کشتوکاڵ دەرفەتی کاریشی رەخساندووە بۆ بەشێکی هاووڵاتییانی کوردستان".

گوتیشی: "خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی زۆری داوە بە بەبازاڕکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی، سامانی ماسیش گرنگی خۆی هەیە و پشتگوێ نەخراوە. بەتایبەت لە ئێستادا لە سنووری پارێزگای هەولێر 185 پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسیمان هەیە، لەو رێژەیە بەشی زۆریان لەکاردان، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەشمان هەیە، لە نزیک زێی گەورە و زێی بچووک کە لەنێو رووبارەکان ماسی بەخێو دەکەن، بەڵام وەک دەبینرێت ئەوانە پڕۆژەیەکی پێشکەوتوو نییە وەک ئێستا".

رێباز ئیسماعیل راشیگەیاند: "ماسی ئالیکێکی تایبەت بەخۆی هەیە، پێویستە خاوەن حەوزەکان ئەو ئالیکەی پێبدەن، چونکە جیاوازە لەگەڵ ئالیکی ئاژەڵ، راستە نرخی زۆرە، بەڵام پرۆتینێکی باشی تێدایە بۆ ماسییەکە".

ئاشکرای کرد: "ئێمە رێنمایی و هۆشداریی دەدەین بە جووتیاران، بەتایبەت ئەوانەی رێگا کۆنەکەیان بەکاردەهێنا، ماسییەکانیان تووشی جۆرە ڤایرۆسێک بوو لە ماوەکانی رابردوودا، بەهۆی هاوردەکردنی پەنجە ماسی لە باشووری عێراق و چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنانی پەنجە ماسی دەکەین، بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشی ماسی نەبن لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەو پڕۆژەی پەنجە ماسییە دەتوانرێت بۆ هەموو پڕۆژەیەک دابین بکرێت، بە وزەیەکی باش کاربکەن".

ئاماژەیدا، پڕۆژەیەکی تریشمان هەیە، سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ساڵانە بڕێکی باش لە پەنجە ماسی بۆ جووتیارەکان دابین دەکەن، وەک پاڵپشتییەک حکومەت بۆیانی دابینکردووە، ئەوانە تووشی هیچ جۆرە نەخۆشییەک نابن چونکە سەرچاوەکەی دیارە".

رێباز ئیسماعیل، روونکردەوە: "ماسی سەلەمون جۆرێکی جیاوازە، چونکە پێویستی بە ئاوێکی سارد و شوێنێکی کراوە هەیە، لە سنووری هەولێر و دەوروبەری ئەو جۆرە نییە، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە کە چەند پرۆژەیەکی بەخێوکردنە لەوێ گرنگی پێدەدرێت، بەرهەمێکی باش و تامێکی جیاوازی هەیە، لە کوردستان زیاتر ماسی کارپ باوە، بەهۆی کەشوهەواشەوە ئەو جۆرە ماسییە خواستی لەسەرە".

گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هانی وەبەرهێنەران دەدات وەبەرهێنان بکەن لە چوارچێوەی رێنماییەکان و رەخساندنی هەلی کار ئێمەش پشتگیرییان دەکەین بە هەموو شێوەیەک".

لە هەرێمی کوردستان، 412 پڕۆژەی مۆڵەتپێدراو هەن کە گۆشتی ماسی بەرهەم دێنن، چوار پرۆژەی حکومییش بۆ بەرهەمهێنانی پەنجەماسی هەن.

Fly Erbil Advertisment