دڵشاد عەبدولڕەحمان: پڕۆژەی سەوزکردنی دهۆک بەردەوام دەبێت

دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک
دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک

K24 – هەولێر:

هەزاران نەمام لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی لە دهۆک چێندران، بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک، دەڵێت: "هەوڵدەدەین ژینگەی دهۆک پاک و خاوێن و تەندروست بێت".

دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمە جاری دووەمە پرۆژەی سەوزکردنی شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت، ئەم پڕۆژەیەش بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی جیهانی (UNILO) و بە پشتیوانی دارایی کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

هاوکات راشیگەیاند، ساڵی پاریش پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە بەڕێوەچوو ئەویش پڕۆژەی سەوزکردنی 13 دۆنمی ناو زانکۆی دهۆک بوو، هەروەها پڕۆژەی سەوزکردنی دهۆک بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری ژینگەی دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، هەوڵدەدەن ژینگەی دهۆک پاک و خاوێن و تەندروست بێت، ئەویش بە روواندنی نەمامی زیاتر لەهەموو شوێنەکان.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، دەڵێت: قۆناغی دووەمی پرۆژەی سەوزکردنی دهۆک بەمزووانە دەستپێدەکات و، هەروەها هەرکەسێکیش زیان بە ژینگەی دهۆک بگەیەنێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە و سزا دەدرێت.

هەزاران نەمام لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی لە دهۆک چێندران، پارێزگاری دهۆکیش لەوبارەیەوە دەڵێت: "داوامان کردووە 100 دۆنم زەوی دیکەمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی هەزاران نەمامی دیکە بچێنین".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، زیاتر لە سێ هەزار نەمام لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی، لە پارکی "ئالووکا"ـی ئەو شارە چێندران.

پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی کونسوڵخانەی هۆڵەندا و هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە هاوکاریان کردوون بۆ بەجێگەیاندنی ئەو پڕۆژەیە و جەختی لەوە کردەوە، "چاندنی نەمام تەنیا بەس نییە، بەڵکوو گرنگتر لەوە، چاودێریکردن و پاراستنی نەمامەکانە، بۆ ئەوەی بتوانن گەشە بکەن".

د. عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، "بێجگە لەم 100 دۆنم زەوییە کە نەمامەکان لەسەری چێندراون؛ داوام لە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە 100 دۆنم زەوی دیکەمان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی پارێزگای دهۆک نەمامی لەسەر بچێنین و چاودێریان بکەین".