پەیامنێری کوردستان24: کەمپی قۆرەتوو لە گەرمیان دانەخراوە

K24 – گەرمیان:
دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی داخستنی کەمپی قۆرەتوو لە گەرمیان، کە تایبەتە بە لەخۆگرتنی ئاوارە عەرەبەکانی ناوەڕاستی عێراق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کەمپەکە تاوەکو ئێستا دانەخراوە و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئاوارەی تێدا دەژین.
رۆژی پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، داخستنی کەمپی قۆرەتووی لە سنووری گەرمیان وەک یەکەم کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان لەوەتی ساڵی 2014ـەوە راگەیاند، بەڵام دوای بەدواداچوونی پەیامنێری کوردستان24، دەرکەوت تاوەکو ئێستا ئاوارەکانی کەمپی قۆرەتوو شوێنەکانی خۆیان جێنەهەێشتووە.
لە ساڵی 2021، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاری داخستنی سەرجەم کەمپی ئاوارەکانی لە عێراق دەرکرد جگەلە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان، لەو ساتەوەش، بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەو وەزارەتەوە، هاوکاریکردنی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بەبێ ئاوەدانکردنەوە و جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری تەواو لە ناوچەکانیان، ئاوارەکان ناچار بە گەڕانەوە دەکرێن.
هاوکات لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە دوایین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار ئاوارە لە عێراقدا هەن و 64 هەزار کەسیشیان کە دەکاتە رێژەی 7%، لە دۆخێکی خراپدا ژیان دەگەوزەرێنن کە زۆرترینیان لە پارێزگاکانی سەڵاحەددین، ئەنبار، نەینەوا و دیالەن.
بەپێی ئاماری رێکخراوەکان، کەمپی قۆرەتوو دەكەوێتە رۆژهەڵاتی قەزای كەلار لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و ساڵی 2015ـەوە دروستکراوە و کە 366 خێوەتی بۆ ئاوارەکان تێدا ئامادەکراوە و زیاتر لە هەزار و 100 ئاوارەی لەخۆگرتووە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆی 26 کەمپی ئاوارە و پەنابەراندا، 16 کەمپ دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و شەش کەمپیش لە سنووری پارێزگای هەولێر و چوار کەمپی دیکەش لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن.