رێبوار تاڵەبانی: هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک ترسە لە گەڕانەوەی کورد و ناسنامەی کوردستانی بۆ شارەکە

K24 – هەولێر:
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، هەندێک لە لایەنە شۆڤێنییەکانی کەرکووک لە ترسی ئەوەی کورد نەبێتەوە زۆرینەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدەن، تاوەکو دۆخی ئێستای کەرکووک وەک خۆی بەردەوام بێت.
رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لەمیانی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نوێ نییە و بەشێکە لە هەوڵەکانی هەندێک لە هێزە شۆڤێنییەکانی ئەو شارە بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردستانێتی کەرکووک.
رێبوار تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، دوای گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارە کوردەکان کە ناگاتە رێژەی 10%ـی ژمارەی ئەو کوردانەی لە شارەکە ئاوارەبوونە و تاوەکو ئێستا تۆماری دەنگدانیان نەگوازراوەتەوە بۆ کەرکووک، کەچی ئەو هێزانە ئەوەیان کردووەتە بیانوو بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی.
لەبارەی دۆخی پارێزگای کەرکووکەوە، رێبوار تاڵەبانی باسی لەوەکرد، لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە دۆخی پارێزگای کەرکووک نادەستوورییە و دەبووایە رێگری بکرایە لەوەی "خەڵکێکی نامۆ لە کەرکووک دەنگ بدەن" و پێش ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، ماددەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بکرایە، ئەوکاتە خەڵکی ئاسایی کەرکووک دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان دەدا.
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتیشی، دوای تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدراڵی لەلایەن هەندێک لایەنی شۆڤێنی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی کەرکووک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، "مەترسی ئەوە هەیە کە دادگای فیدراڵی هاوشێوەی بڕیارەکانی دیکەی دژ بە هەرێمی کوردستان و حەلبووسی و سێ بڕیاری دژ بە من، لەو پرسەشدا بڕیارێک نەدات لە بەرژەوەندی کورد بێت لە کەرکووک".
هەروەها رێبوار تاڵەبانی روونیکردەوە، گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی زۆر لە کەرکووک کراوە لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو، هەروەها لە دوای 2003 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەریش کە 600 هەزار خێزانی عەرەبی هێندرابوونە کەرکووک و دوای گەڕانەوەی هەندێکیان بۆ ناوچەکانی خۆیان دووبارە هاتوونەتەوە کەرکووک و ئێستا بەشداری دەنگدان دەکەن کە دووبارە فۆرمی خۆراک و ناسنامەیان بۆ دروستکراوە و ئەمەش قبوڵ کراو نییە.
لەبارەی پێشبنییەکانی بۆ رێژەی کورسی کورد لە ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای کەرکووک، رێبوار تاڵەبانی رایگەیاند، کورد لە خراپترین حاڵەتدا کە هەڵبژاردنەکانی 2018 بوو، توانی 50%ـی کورسییەکانی ئەو پارێزگایە بەدەست بهێنێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە 12 کورسی بوو، بۆیە عەرەب و تورکمانی کەرکووک ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەن، کورد لەم هەڵبژاردنە نەک زۆرینە بەدەستنەهێنێت بەڵکو کەمتر لە نیوەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی خۆیان کەرکووک بەڕێوەببەن و ئەوەی رژێمی پێشوو دژ بە کورد نەیتوانی بیکات، ئەوان تەواوی بکەن.
لە ماوەی رابردوو، لەلایەن چەند لایەنێکی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمانەوە لە دادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکراوە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بیانووی زیادکردنی 257 هەزار دەنگدەر بۆ تۆماری دەنگدەران "بەشێوەیەکی نایاسایی".
دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکهاتووە، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.
لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیەدا، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.
هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە پارێزگای کەرکووک، 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و 898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکراوە. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەدەچێت
هاوکات لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە چەند لیستێکی جیاواز بەشدارییان کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە 197 بەشداری کردووە و 30 کاندیدی هەیە، هەروەها یەکێتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیەتی " کەرکووک هێز و ئیرادهمانه"ـی پێکهێناوە و ژمارەکەی 142ـە و لیستەکەیان لە 30 کاندیدی هەردوو حزبەکە پێکهاتووە.
هەروەها یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پارێزگای کەرکووک بە هاوپەیمانییەتی "مەشخەڵی کەرکووک" بە ژمارە 163 بەشدارییان کردووە ق چوار کاندیدیان هەیە. حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 و نەوەی نوێش بە ژمارە 167، لیستیان هەیە و بەجیا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کردووە.