کابینەی نۆیەم مۆڵەتی بە 64 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دهۆک داوە

دیمەنێکی شاری دهۆک - ئەرشیف
دیمەنێکی شاری دهۆک - ئەرشیف

K24 - دهۆک

لەم چەند ساڵەی دواییدا کەرتی تایبەت لە پارێزگای دهۆک گەشەکردنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری گرنگی بەو کەرتە دەدات، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای دهۆک مۆڵەتی بە 64 پڕۆژە داوە و بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆکیش دەڵێ: بەهۆی پڕۆژەکان تا ئێستا 100 هەزار دەرفەتی کار رەخساون.

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی دهۆک بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە، دەبێ گرنگی بە کەرتی تایبەت بدرێت، بۆ دروستکردنی ئابوورییەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، کە هەموو سێکتەرەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی و گەشتیاری".

بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی دهۆک، ئێستا 276 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە بواری جیا جیادا بە گوژمەی شەش ملیار دۆلار لە پارێزگای دهۆک هەن، بەهۆی ئەو پڕۆژانەوە 20 هەزار هەلی کاری بەشێوەی راستەوخۆ و 100 هەزار هەلی کار بەشێوەی ناڕاستەوخۆ رەخسێنراون".

پرۆژەی تێرمیناڵی دهۆک، یەکێکە لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، کە هەلی کاری بۆ ژمارەیەکی زۆری گەنجان رەخساندووە، چاوەڕێ دەکرێت لەکاتی تەواو بوونی بەشەکانی دیکەی تێرمیناڵەکە هەلی زیاتر بڕەخسێنێت.

شادن جەمیل، سەرپەرشتیار تێرمیناڵی دهۆک بە کوردستان24ی گوت: "تائێستا نزیکەی هەزار هەلی کار لە تێرمیناڵ بۆ گەنجان رەخسێنراوە، بێگومان لەکاتی تەواو بوونی هەموو بەشەکانی تێرمیناڵ، بە گەشتی هەلی کار بۆ دوو هەزار گەنج دەڕەخسێنێت".