فراکسیۆنی پارتی داوای تەرخانکردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدان دەکات

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر

ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە وەزیری بەرگری عێراق کردووە، یەکەی نیشتە جێبوون بۆ کەس و کاری پێشمەرگە شەهیدەکان تەرخان بکات.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوکات ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگرییشە رایگەیاند، لە رۆژی 16ـی 11ـی 2023، لە یاداشتێكی فەرمیدا داوامان لە وەزیری بەرگریی عێراق كردووە، وەك پابەندبوونێك بە ماددەكانی 14 و 132ی دەستووری عێراق و یاسای دامەزراوەی شەهیدان، فەرمان بدات بە لایەنە پەیوەندیدارەكانی نێو وەزارەتەكەی بە مەبەستی هەماهەنگیكردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تۆماركردنی ناوی ئەو شەهیدانەی كە كەسوكارەکانیان ئەو مافانە دەیانگرێتەوە كە تایبەتن بە مافی كەسوكاری شەهیدان، لەنێویشیاندا تەرخانكردنی یەكەی نیشتەجێبوون.

گوتیشی: هەر لەو یاداشتەدا ئەوەمان بەبیر وەزیری بەرگریی عێراق هێناوەتەوە كە 500 یەكەی نیشتەجێبوون لە شێوەی شوقە پێشكەش بە كەسوكاری شەهیدانی پارێزگای كەركووك كراوە، بەڵام هیچ كەسێك لە كەسوكاری پێشمەرگەكان لێی سوودمەند نەبوون، لە كاتێكدا سەدان كەس لەو پێشمەرگانەی لە شەڕی دژی داعش شەهید بوون، خەڵكی كەركووكن.

ئێمە جەختمان كردەوە، كە جیاكردنەوەی پێشمەرگە لە هێزەكانی دیكەی عێراق، سەرپێچیی بنەما سەرەكییەكانی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان و كارنامەی حكومەتی فیدراڵییە كە پەرلەمانی عێراقیش دەنگی پێ داوە، بۆیە داوامان كرد كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ داواكارییەكەمان بگیرێتە بەر و لە ئەنجامەكەشی ئاگادار بكرێینەوە.

Fly Erbil Advertisment