هێمن هەورامی: پێویستە پارتی و یەکێتی سووربن لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هێمن هەورامی
هێمن هەورامی

K24 - هەولێر

هێمن هەورامی رایگەیاند، ئەنجامدانی کۆڕبەندی "مێپس" لەچەند لایەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، گوتیشی: ئێستا ئەتوانم بڵێم پەیوەندییەکان نێوان پارتی و یەکێتی بەرەو باشتر ئەڕۆن، پێویستیشە هەردوو لا سووربین لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکات.

هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لیدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە لە چەند لایەکەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، یەکەم ئەمە پیی دەڵێن دیپلۆماسیەتی ئەکادیمی، بۆ نموونە ئەمڕۆ دوو وۆرک شۆپ کراوە، کە لە هەردووکیان زیاتر لە 50 تا 60 ئەکادیمیست، ئەوانەی لە دامەزراوە گرنگەکانی جیهانن بەشدارن، ئەو راپۆرت و لێکۆڵینەوانەی ئەمان کاری لەسەر ئەکەن، ئەگاتە دەستی بڕیارسازانی وڵاتەکانیان، کە بایەخێکی زیاتر بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەدەن.

دەشلێت: بۆیە هاتنی ئەمانە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵگەی بایەخی هەرێمی کوردستانە لە ناو ئەو هاوکێشانەی کە لەناوچەکەدا هەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە لە وۆرک شۆپی تایبەت بە ئاسایش و سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەراست، باس لە پرۆسەی بونیادنانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست کرا.

هەورامی باسی لەوەشکرد، ئێستا هەرێمی کوردستان وەکو ناوچەیەکی سەقامگیر، رۆلێک بۆ پێکەوە ژیان و ئاوارەکان و ئەو دۆخە سیاسییەی لەناوچەکە ئەگوزەرێت ئەبینێت، بەتایبەت لەدوای رووداوەکانی غەززە و ئەو دۆخە ناسەقامگیریەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هاتووەتە ئاراوە.

جەختیسی کردەوە، بەیانی کۆڕبەندە فراوانەکە دەست پێدەکات، هاتنی ئەو هەمووە سیاسی و دیپلۆماتی وڵاتان و بەرپرسانی نێودەوڵەتی، بەڵگەی ئەوەیە هەرێمی کوردستان، ناوەندێکە کە ئەکرێت بەجیاوازییەکانیشەوە، ئامادەییان هەبێت بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتانەی کە جێگەی بایەخن بۆ هەموو لایەکمان بکەین.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی: پارتی و یەکێتی دوو حزبی جیاوازن بۆیە ئاساییە جیاوازی و ناکۆکیمان هەبێت، بەڵام ئاسایی نییە گفتوگۆ و یەکتر بینین و خاڵی هاوبەشمان نەبێت.

راشیگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش کرا لە نێوان هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، بۆیە ئێستا ئەتوانم بڵێم پەیوەندییەکان بەرەو باشتر ئەڕۆن، قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێمان وایە لەلای پارتی دەبێت لە ئەولەویەتی کارە گرنگەکانی بێت، لەبیریشمان نەچێت دەبێت ئەمڕۆ بزانین بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چی ئەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگە پارتی و یەکێتی کەشێکی ئارامتر لەنێوانیاندا هەبێت، چونکە کەشێکی ئارامتر لەنێوان هەردوولا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان ئەبێت، پێویستیشە پارتی و یەکێتی سووربین لەسەر پاڵپشتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کێشە بنەڕەتییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق چارەسەر بکات. هەروەها دەبێت پێکەوە بەرگری لەمافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بتوانن لەکەشێکی ئارامتر بن و دۆخی ئابووریشیان باشتر بکەین.