نووسراوی دوورخستنەوەی حەلبووسی گەیشتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر
نووسراوی فەرمی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی دوورخستنەوەی حەلبووسی گەیشتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا، نووسراوی فەرمی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی گەیشتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.

رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بە تۆمەتی "ساختەکردنی واژۆی پەرلەمانتار لەیس دلێمی" ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی هەڵوەشاندەوە. حەلبووسی بڕیارەکەی رەتکردەوە و گوتی، "دادگای فیدراڵی دەستووری پێشێلکردووە".
دوێنێ شەممە (18ـی تشرینی دووەمی 2023) عەلی زوبەیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، گەشتکردن لە حەلبووسی قەدەغەکراوە و لەژێر فەرمانی مانەوەی بەزۆردایە و لە چەند رۆژی داهاتوودا فەرمانی دەستگیرکردنیشی بۆ دەردەکرێت.
زوبەیدی روونیکردەوە، "بە دوورخستنەوەی حەلبووسی، پرۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لەباربرا و چەندین دۆسیەی دیکەش هەیە کە رووبەڕووی حەلبووسی دەکرێتەوە و لەسەری سزا دەدرێت".