ئەگەری زۆرە کوردێک ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا
K24 - هەولێر
هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا دەستیپێکرد و ئەگەری زۆرە ژنە کوردێکی باکووری کوردستان ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی ئەو وڵاتە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، کاتژمێر 06:00 بەکاتی هۆڵەندا (کاتژمێر 08:00 بەکاتی هەولێر) هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا دەستیپێکرد و دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەرووی هاووڵاتییاندا کرانەوە. پڕۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر 09:00ـی شەو بەکاتی هۆڵەندا ( کاتژمێر 11:00ـی شەو بەکاتی هەولێر) بەردەوام دەبێت.
26 پارت و هاوپەیمانی پێشبڕکێ دەکەن
پەرلەمانی هۆڵەندا لە 150 کورسی پێکدێت. 26 پارت و هاوپەیمانی پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن. هەزار و 128 کاندید لە 26 پارت و هاوپەیمانی جیاواز پێشبڕکێ بردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن.
زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لە هۆڵەندا مافی دەنگدانیان هەیە و لە سەرتاسەری وڵاتەکە نۆ هەزار و 823 بنکەی دەنگدان بەڕووی هاووڵاتییاندا کراونەتەوە. هەر پارتێک بیەوێت زۆرینە بەدەست بهێنێت، دەبێت 76 کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەوەش ئەستەمە و بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبێت هاوپایمانی پێکبهێنرێت.
چوار پارت و هاوپەیمانی بەهێز ئەگەری بردنەوەیان لە هەڵبژاردنەکەدا زیاترە لەوانەی دیکە؛ لەوانەش پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بە سەرۆکایەتی دیلان یەشیلگۆز، پارتی دیموکرات - 66 بە سەرۆکایەتی رۆب جێتن، هاوپەیمانی پارتی سەوز و کرێکاران بە سەرۆکایەتی فرانس تیمەرمان و پارتی ئازادی بە سەرۆکایەتی خێرت وێڵدەرس.
هەموو چاوەکان لەسەر 'دیلان یەشیلگۆز'ـن
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییە بە سەرۆکایەتی دیلان یەشیلگۆز، کە ژنە کوردێکی باکووری کوردستانە، تەمەنی 46 ساڵە و لە دێرسیم باکووری کوردستان لەدایکبووە. پێشبینی دەکرێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا. دیلان لە لێدوانێکی تایبەت بە کوردستان24ی راگەیاند، هیوای وایە پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکان براوە بێت.
دیلان یەشیلگۆز، خەڵکی باکووری کوردستانە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمە. لە ساڵی 1984 لەگەڵ خێزانەکەی چووەتە هۆڵەندا و لە زانکۆی ئەمستەردام بڕوانامەی لە زانستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەستهێناوە. هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە، کەسێکی چالاک بووە لەناو پارتەکەیدا.
دیلان لەساڵی 2014 تا 2017 لەسەر لیستی پارتەکەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری جێبەجێکاری شارەوانی ئامستەردام بووە. لە سەردەمی کابینەکەی مارک رووتە وەزیری دادی هۆڵەندا بوو.
هەڵوەشاندنەوەی حکومەت
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا لە کاتێکدایە، لە 7ی تەمموزی ئەمساڵ و دوای ئەوەی دوای ئەوەی مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا لەسەر پرسی کۆچبەران لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەی نەگەیشتە رێککەوتن، حکومەتی ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.