پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە کەسنەزان راگەیەندرا

پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە کەسنەزان راگەیەندرا (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە کەسنەزان راگەیەندرا (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)

K24 - هەولێر

بە هەماهەنگی لەگەڵ تورکیا و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان؛ پڕۆژەیەک بۆ چاندنی نزیکەی 47 هەزار نەمام لە فەرمانگەی دارستانی کەسنەزان  راگەیەندرا. 

بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە فەرمانگەی دارستانی کەسنەزان، لە سنووری پارێزگای هەولێر دەستیپێکرد. ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی گرنگیدان بە سەوزکردنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوایە لە هەرێمی کوردستان.

لەسەر داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان؛ سەرجەم نەمامەکان لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا و کونسوڵی گشتی کۆماری تورکیا، بۆ  هەماهەنگی و پاڵپشتی سێکتەری کشتوکاڵی و ژینگەی هەرێمی کوردستان دابینکراون.

رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛  ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە؛ بەیان سامی عەبدولرەحمان، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ پرسی گۆرانکارییەکانی کەش و هەوا؛ مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی تورکیا و و مەولوود یاقوت، کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

بێگەرد تاڵەبانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی وەزیری پێشووی کشتوکاڵی تورکیا و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەی لە هەولێر کرد و رایگەیاند، "لە ئاییندەدا هەماهەنگی زیاترمان لەگەڵ وەزارەتی دارستان و کشتوکاڵی تورکیا دەبێت بۆ زیادکردنی رووبەڕی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان".

لەلایەن خۆیەوە مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووی کشتوکاڵی تورکیا لە رێوڕەسمی راگەیاندنی پڕۆژەکە گوتی: "هەسارەی زەوی رۆژ بە رۆژ گەرمتر دەبێت و کەشوهەواش گۆڕانکاریی بەسەردا دێت؛ ئەمەش مەترسییەکی جیددییە لەسەر ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەیە."

وەک ئەوەی مەهدی ئەکەر ئاماژەی پێ دا، "بوونی دارستان و زیادکردنی رووبەڕووی سەوزایی، زۆر گرنگە بۆ پاککردنەوەی هەوا و دابەزینی پلەکانی گەرما. زیاتر لە 47 هەزار نەمام دەچێنین و دڵنیاین ئەو ناوچەیەی نەمامەکانی لێ دەچێنین، لە داهاتوودا دەبێتە دارستان".

هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر خۆشحاڵی خۆی بە راگەیاندنی پڕۆژەی "نەفەس" دەربڕی و جەختی کردەوە، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا مەترسیی لەسەر هەرێمی کوردستان، دراوسێکانی و هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەیە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک پێکەوە کاربکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی.

پاراستنی ژینگە و زیادکردنی سەوزایی بەشێکی گرنگە لە پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا ساڵانە هەڵمەتی نەمام چاندن لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی داتاکانی دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە تا مانگی تەممووزی ئەمساڵ؛ رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بۆ سەدا 18 زیادیکردووە.

 

پڕۆژەی
پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە کەسنەزان راگەیەندرا (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
پڕۆژەی
پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە کەسنەزان راگەیەندرا (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
پڕۆژەی
پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە کەسنەزان راگەیەندرا (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
پڕۆژەی
پڕۆژەی "نەفەس" بۆ چاندنی 47 هەزار نەمام لە کەسنەزان راگەیەندرا (وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24)
Fly Erbil Advertisment