هێرش كرایه سه‌ر بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د و كه‌سێكیش كوژرا
K24 – هەولێر:
میدیا عێراقییه‌كان له‌سه‌ر زاری چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بڵاویانكرده‌وه، گرووپێكی چهكداریى سه‌ر به به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ی عێراقی هێرشی سه‌ر بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌دیان له رۆژئاوای عێراق كرد و له رووبهڕووبوونهوهكەدا كه‌سێك كوژرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی تشرینی دووەمی 2023) میدیا عێراقییەکان لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاویانکردەوە، دوای ئه‌وه‌ی گرووپێکی چەکداری سەر بە بەرەی مقاوەمەی عێراقی به 'ئار پی جی' هێرشی سه‌ر تاوه‌ره‌كانی چاودێریی ناو بنكه‌ی عەین ئەسەدیان كرد، لەبەرامبەردا رووبه‌ڕووبوونه‌وه به چه‌كی مامناوه‌ند له نێوان هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هێرشبه‌ران روویدا و یه‌كێك له چه‌كداره هێرشبه‌ره‌كان كوژرا.
دوای ئه‌و هێرشه‌ش له راگەیەندراوێکدا ئه‌و گرووپه‌ی موقاوه‌مه، كه ناوی له‌خۆی ناوه زافرین، به‌رپرسیارێتی خۆی له هێرشه‌كه راگه‌یاند و كوژرانی چه‌كدارێكیشی به ناوی "جه‌عفه‌ر سادق ئهلتائیی" پشتڕاست كرده‌وه. راگەیەندراوەکە ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كه كۆتایی هاتووه و هێرشبه‌ران له شوێنی رووداوه‌كه كشاونه‌ته‌وه.
لەگەڵ بەردەوامی هۆشدارییەکانی ئەمەریکا، بەڵام هێشتا هێرشەکان هەر بەردەوامن و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە 60 جار هێرش کراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا.
بنكه‌ی سەربازی عەین ئەسەد، گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سەربازییە لە عێراق. 64 كیلۆمه‌تر له باكووری به‌غداوە دووره، له ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا كۆمپانیایه‌كی یۆگسلافی درووستیكردووه، 39 ژێرزه‌مین و په‌ناگه‌ی پته‌وی بۆ پاراستنی فڕۆكه تێدایه، له سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێران‌دا چالاكترین بنكه‌ی ئاسمانی عێراق بووه.