سبەی بە فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک دەکرێتەوە

K24 – هەولێر:
سبەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رێورەسمێکدا، بارەگای لقی سێی خۆی لە کەرکووک دەکاتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بە فەرمی بارەگاکانی خۆی لەو شارە وەرگرتەوە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە داگیرکرابوون.
رۆژی شەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2023) ئارام ئەحمەد مامە، کارگێری لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، کە لە 5ـی ئەم مانگە چووینە خزمەتی بەڕێزیان، فەرمانی پێکردین وەکو لقی سێ بەپەلە بگەڕێینەوە شاری کەرکووک".
ئارام ئەحمەد مامە گوتیشی، "هەر رۆژێک دوای فەرمانەکەی سەرۆک بارزانی هاتینە بارەگای لقی سێ و دەستمان بە نۆژەنکردنەوە کرد و لە جاران زۆر جوانترمان کردووە".
لەبارەی ئەو کەرنەڤاڵەی کە بڕیارە سبەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کردنەوەی بارەگای لقی سێ لە کەرکووک سازی بکات، ئەو کارگێڕەی لقی سێ داوای لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و کەسوکاری پێشمەرگە و تەواوی خەڵکی شاری کەرکووک کرد بە تێکڕای نەتەوە و ئایینەکان، ئامادەی ئەو کەرنەڤاڵە بن و گوتی "لە کاتژمێر 10ـی بەیانییەوە لە پێشوازی جەماوەری شاری کەرکووک دەبن و بە کەرنەڤاڵێکی گەورە بە بەشداری هەمووان بارەگای لقی سێ دەکەنەوە".
پێشتر بەرپرسانی پارتی لە کەرکووک جەختیان کردەوە، کردنەوەی بارەگاکانیان لە کەرکووک دەبێتە قۆناغێکی نوێی کاری حزبییان لەو شارە و دەتوانن زیاتر لە خزمەتی پرسی کورد و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووکییەکان بن و رۆلێکی کارا لە خەباتی مەدەنی بگڕێن بۆ گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی کورد لە کەرکووک.
هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی پارتی بەشێوەیەکی فەرمی بۆ کەرکووک و وەرگرتنەوەی بارەگاکانی و دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، جارێکی دیکە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک هەڵدرا کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو شارە رێگریلێکرا.
هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵێکی دیکەی تایبەت بۆ ناساندنی کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سازبکات.
لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک داگیرکراون و ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی درووستکراوە بەوهۆیەشەوە نەیتوانیوە کاری سیاسی خۆی ئەنجام بدات، بەپێی رێککەوتنی نێوان سەرکردەکانی ئیدارەی دەوڵەت و پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیار لەسەر گەڕانەوەی پارتی و رادەستکردنەوەی بارەگاکانی دراوە.
لە کۆبوونەوەی 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، لهپێناو پاراستنی گیانی تهبایی و سهقامگیری شارەکە کۆمیتەی ناوەندیی پارتی لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی، بڕیاریدا بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی خۆی لە کەرکووک ببەخشێتە زانکۆی کەرکووک و بیکاتە دیاری بۆ قوتابییان و پرۆسهی خوێندن و رۆشنبیری و پێشخستنی شارهكه.
دوای ساڵێک لەو رێککەوتنە رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) بە فەرمی دەگەڕێنەوە کەرکووک و بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن.
دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە 1ـی ئەیلوولی 2023ـەوە بارەگای پێشووی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە چۆڵ بکرێت و رادەستی پارتی بکرێتەوە، لە 28ـی ئابی 2023، گرووپێک لە عەرەبە هاوردە و شۆڤێنییەکانی کەرکووک، لە بەردەم بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کە ئێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە، بۆ ماوەی شەش رۆژ خێوەتیان هەڵدا و رێگەی سەرەکی کەرکووک-هەولێریان داخست.
رۆژی (3ـی ئەیلوولی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکرد و ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی دوای رۆژێک لە خۆپیشاندانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک هات، کە بە تەقەی هێزە عێراقییەکان چوار هاووڵاتی بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و 15 کەسی دیکەش برینداربوون، جگەلە دەستگیکردنی زیاتر لە 40 گەنجی کورد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان.
تا دواجار لە رۆژی (12ـی تشرینی یەکەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا بە گەڕانەوەی بارەگاکە بۆ پارتی و پابەندبوونی یاسایی هەموو لایەنەکانیش بەو بڕیارەی یەکلایی کردەوە، کە پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دابوو رادەستی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتەوە.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە 30 کاندید بە لیستی ژمارە 197، بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک دەکات، کە وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، بەڕێوەبچێت.
ئا/ کارزان حەیدەر