کورتە فیلمی "ئەمبوڵانس" خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی پێبەخشرا

K24 – هەولێر

دەرهێنەری کورتە فیلمی "ئەمبوڵانس" رایگەیاند، کورتە فیلمی کوردی ئەمبوڵانس، لە دوایین بەشداری لە فێستیڤاڵی "سوپەر ستار" بۆ کورتە فیلم، لە شاری بەسرا بەڕێوەچوو، توانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بەدەست بهێنێت.

کەریم غەفوور دەرهێنەری فیلم بە کوردستان24ـی راگەیاند، فێستیڤاڵی سوپەر ستار، ساڵانە بە هاوکاری سەندیکای هونەرمەندانی  بەسرا و یەکێتی نووسەران بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش دووەم خولی ئەو فێسیڤاڵە بوو، جێگەی خۆشحاڵیە، کە کورتە فیلمێکی کوردی لە دەرهێنانی مندا، توانی ببێتە خاوەنی خەڵات و لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا بوو، بۆ بردنەوەی خەڵاتی دەرهێنان و باشترین فیلم.

گوتیشی: "بڕیاریشە لە ساڵی داهاتوودا ئەم فێستیڤاڵە بەرفراوانتر بێت و بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و فیلمە کوردییەکانەوە بەڕێوەبچێت".

کەریم غەفوور دەڵێت: "فیلمی ئەمبوڵانس122، ناوەڕۆکەکەی باس لە رۆڵی چەند کارمەندێکی دڵسۆز و ماندوو بۆ پیشەکەیان دەکات، لە پێناو مانەوەی ژیانی خەڵکدا شەونخونیەکی زۆر دەکەن"، ئەمبوڵانس لە دواین بەشداری لە فێستیڤاڵی سوپەر ستار بۆ کورتە فیلم، کە لە شاری بەسرا بەڕێوەچوو، توانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن بەدەست بهێنێت.

هەروەها، کورتە فیلمی ئەمبوڵانس 122، لە دەرهێنانی کەریم غەفوور و نواندنی هەریەک لە هونەرمەندان "پشکۆ محەممەد" و" یاسین سەعید" و "سەربەست ئەحمەد" و سیناریۆی دڵشاد حوسێنە و لازیۆ زاناش وەک یاریدەدەری دەرهێنەر لەم فیلمەدا بەشدارە.