محەمەد کەمال: هەوڵدەدەین لە رێگەی هەڵبژاردنەوە ئیدارەی کەرکووک بگۆڕین
K24 - هەولێر
بەرپرسی لقی سێی پارتی رایگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی بارەگاکانمان کردووەتەوە و لەخزمەتی جەماوەری شاری کەرکووک ئەبین، ئومێد دەکەین لەو هەڵبژاردنەی کە لەپێشمانە سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنین.
محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ ئێمە خۆمان لەناو خەڵکی خۆمان دەبینینەوە، گوتیشی" ئێمە پێشتر پارتیمان لێرە بووە تەنها بارەگاکانمان داگیر کراوە، ئەمڕۆ بە فەرمی بارەگاکانمان کردووەتەوە و لەخزمەتی جەماوەری شاری کەرکووک ئەبین.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پلان و بەرنامانەی کە دانراوە هەمووی جێبەجێ دەکرێت و ئومێد دەکەین لەو هەڵبژاردنەی کە لەپێشمانە سەرکەوتنێکی باش بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی ئەو ئیدارە خراپە بەشێوەیەکی باشتر بگۆڕین.
دەشڵێت: ئێمە باوەڕمان بە برایەتی و تەبایی و پێکەوەژیانە، ئەوە شاری کورد و تورکمان و عەرەبە، شاری کلدان و ئاشوورە، ئومێدەکەین لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بەیەکەوە خزمەتی ئەو شارە بکەین.
بەرپرسەکەی لقی سێی پارتی لەکەرکووک گوتیشی: بەفەرمی رۆژی سێشەممە بانگەشەی لیست دەست پێدەکەین و بەرنامەی لیستیش بڵاودەکرێتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 10:00، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرس و ئەندام و کادیری هەردوو لقی سێ و مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە.
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو. دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەو.
بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە هەزاران ئاڵای کوردستان و پارتی رازێندراوەتەوە. ماوەی 10 رۆژ بوو پارتی لەسەر ئەرکی خۆی، کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ بارەگاکەی دەکرد.