ئومێد سەباح: گفتوگۆمان لەگەڵ سوودانی زیاتر لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت

K24 – هەولێر

سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ئومێد سەباح سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە، بەگوتەی ئومێد سەباح، گفتوگۆکانیان لەگەڵ سوودانی زیاتر لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک شاندی حکومەت کارمان لەسەر ئەوەکردووە، لە پەیوەندیی بەردەوام بین لەگەڵ هەموو ئۆرگانەکانی حکومەتی فیدراڵی، ئامانجی سەرەکیشمان وەرگرتنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە بەتایبەتی مووچەخۆران، هاوکات جەنابی سەرۆکی حکومەت لە پەیوەندییەکی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆی نەخشەدانەری هەموو ئەو کارانە بووە کە ئێمە لە بەغدا ئەنجاممان داوە، لە دوایین کۆبوونەوەشمان بڕیاردرا شاندێکی حکومەت سەردانی بەغدا بکات سبەی وەکو شاندی حکومەت دەچینە بەغدا".

گوتیشی: "سبەی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبینەوە، بێگومان گفتوگۆمان زیاتر لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئێمە لەژێر رێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت هەوڵدەدەین شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین".

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح گوتی: "بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو، سەردانی بەغدا بکەین و کۆبوونەوەیەکی دیکە لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ماوەیەک لەمەوبەر شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بوون، داوای هەندێک زانیارییان کرد، هەموو زانیارییەکانیان لەبارەی نەوتی کوردستان پێدراوە، لە کۆبوونەوەی داهاتووماندا وردەکاری زیاتر لەسەر هەڵوێستی حکومەتی عێراق وەردەگرین، بۆ ئەوەی بزانین ئەوان تاچەند دەتوانن تێچووی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دابین بکەن، هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە روونە و لەگەڵ ئەوەین دەستبەجێ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە، بەڵام ئەوە بەندە بەوەی کە حکومەتی عێراق تاچەند تێچووی کۆمپانیاکان دابین دەکات".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24، لەبارەی 700 ملیار دینار کە حکومەتی عێراقی بەپێی رێککەوتن بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، ئومێد سەباح رایگەیاند: "سەرجەم رێکارە کارگێڕییەکان لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو کراون و زیاتر لە 10 رۆژە نووسراومان بۆ حکومەتی عێراق کردووە، دوایین زانیاری ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی عێراق دەستی بە (تەمویل) پارەدارکردنی وەزارەتەکان کردووە، بڕیارە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوەیە بێت و دوانەکەوێت".

ئەمڕۆ ئومێد سەباح کە هاوکات ئەندامی کۆمیتەی ناوندیی پارتییە، بە مەبەستی بەدواداچوون و گوێگرتن لە کادیر و ئەندامانی حزبەکەی سەردانی لقی 16ی کردووە، دەڵێ: "ئامانجیان ئەوەیە ئەو نوێنەرانەی پارتی کە لەناو حکومەتین لەگەڵ هەڤاڵانی ناو حزب گەنگەشەی دۆخی ئێستا بکەین و پلانیشمان بۆ داهاتوو هەبێت، دەمانەوێت لە سنووری قەزای دەشتی هەولێر چەندین پڕۆژەی دیکە ئەنجام بدەین، لەگەڵ پارێزگاری هەولێر زیاتر تیشک بخەینە سەر ئەو ناوچانە".

ئەوەشی خستەڕوو: "مەبەستمانە گوێ لە بۆچوونی کادیر و ئەندامانی حزب بگرین، بۆ ئەوەی بزانین چ ئاستەنگ و گرفت لە ناوچەکان هەن، بۆ ئەوەی چارسەریان بۆ بدۆزینەوە".