کەمال کەرکووکی: پارتی هەوڵدەدات ستەم لە شاری کەرکووک نەهێڵێت
K24 - هەولێر
کەمال کەرکووکی رایدەگەیەنێت، "پارتی لە کەرکووک، هەرێمی کوردستان و گشت عێراق، کار بۆ جێبەجێ کردنی مافە دەستوورییەکانی کورد دەکات".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە رێوڕەسمی کردنەوەی بارەگای لقی سێی حزبەکەی لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە حیکمەتی سەرۆک بارزانی، توانرا ئەمڕۆ بەهێمنی دوور لە توندوتیژی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرکووکی دڵی کوردستان، بکرێتەوە و دەست بەکاربێت، پیرۆزبایی لە هەموو کادیر و ئەندامان و دڵسۆزانی خەڵکی کەرکووک دەکەین کە بەو پێشوازییە گەرمە، بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردەوە.
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای "کەرکووک - گەرمیان"ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کەرکووک، هەرێمی کوردستان و گشت عێراق، کار بۆ جێبەجێ کردنی مافە دەستوورییەکانی کورد دەکات".
کەمال کەرکووکی گوتیشی: "ئەو بەربژێرانەی دیاری کراون لە کەرکووک، نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، ئەوانە بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێ دەکەن، بەشێوەیەک بۆ چاکردنەوەی پێکەوە ژیان و نەهێشتنی ستەم، بەڕێوەبردنی لەو شارە و دامەزراندنی لەسەر بنەمایەکی پتەو، دابین کردنی ئاسایش و سەقامگیری، بۆ تەواوی خەڵک و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی بێت، پشتیوانی ئەو لایەنانەش دەکرێت کە پشتگوێخراون".
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 10:00، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرس، ئەندام و کادیری هەردوو لقی سێ و مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی، بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە.
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو. دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و چاوەڕێدەکرێت لەمڕۆوە دەست بکات بە بانگەشەیەکی بەرفراوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە هەزاران ئاڵای کوردستان و پارتی رازێندراوەتەوە. ماوەی 10 رۆژ بوو پارتی لەسەر ئەرکی خۆی، کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ بارەگاکەی دەکرد.