ئیدریس رەفعەت: بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کۆتایی بەتەعریبکردن دێت
K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک، دەڵێت: ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە و ئەمەش شتێکی حاشاهەڵنەگرە. گوتیشی: بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کۆتایی بەتەعریبکردن دێت.
لیوا ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک، لە لێداوانێکی تایبەتی بۆ کوردستان24 داوا لە خەڵکی کەرکووک دەکات گشتیان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک بکەن و گوتی: شەڕەکە هاتووەتە ناو ماڵەکانمان بۆیە پێویستە لەسەر هەموومان بەشداری لە هەڵبژاردن بکەین و تا ئەو ئیدارە سەپێندراوەی شاری کەرکووک بگۆڕین.
گوتیشی: ئەو ئیدارەی ئێستای کەرکووک بە زۆر سەپێندراوە بەسەر شارەکەدا و کە دەستیان بە تەعریبکردنێکی چڕ کردووە، هەروەها هەموو بۆ بەرژەوەندی لایەنێک کاردەکەن، بۆیە دەبێت ئەم شارە بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکووک، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، کە دەبێت هەموو نەتەوەکان بەیەکەوە ئیدارەی شاری کەرکووک بدەن و، بەڵام ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە ئەمەش شتێکی حاشاهەڵنەگرە، هەروەها بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک کۆتایی بەتەعریبکردن دێت.
لیوا ئیدریس رەفعەت، دووپاتیدەکاتەوە، هەموو کاتێک پێکەوەژیانیان قبوڵە کە پەیامی سەرۆک بارزانییە. هاوکات دەشڵێت: ئەم شارە بە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکانەوە جوانە.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، کاتژمێر 10:00، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی بەرپرس، ئەندام و کادیری هەردوو لقی سێ و مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە شێوەیەکی فەرمی، بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک کرایەوە.
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، هێزە عێراقییەکان دەستیان بەسەر بارەگاکانی پارتی لە کەرکووکدا گرتبوو. دوای شەش ساڵ پارتی بارەگای لقی سێی خۆی لە شاری کەرکووک کردەوە و چاوەڕێدەکرێت لەمڕۆوە دەست بکات بە بانگەشەیەکی بەرفراوان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
بارەگای لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە هەزاران ئاڵای کوردستان و پارتی رازێندراوەتەوە. ماوەی 10 رۆژ بوو پارتی لەسەر ئەرکی خۆی، کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ بارەگاکەی دەکرد.