بەرپرسی لقی 14ـی پارتی: دەمانەوێت دەنگێکی زۆر بەدەستبهێنین و خزمەتی پارێزگای نەینەوا بکەین

K24 - هەولێر:
بەرپرسی لقی 14ـی پارتی بەرنامە و پلانی پارتی لە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ئەگەر ببینە لیستی یەکەمی سەرکەوتوو، پارێزگاکە وەک هەرێمی کوردستان ئاوەدان دەکەینەوە .
رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی 14ـی پارتی لە نەینەوا لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا، بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئەمڕۆ نەجم جبووری دەستلەکارکێشانەوەی خۆی وەک پارێزگاری نەینەوا پێشکەشی سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سودانی کردووە و سەرۆکوەزیرانیش رەزامەندی لەسەر داوە، لەجێی ئەویشدا عەبدولقادر دەخیلی، بەرێوەبەری پێشووی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی نەینەوای دانا و بڕیارە دوو سبەی وەک پارێزگاری نەینەوا دەستبەکار بێت.
بەپێی خوێندنەوەکانی ئەو بەرپرسەی پارتی، یەک لە هۆکارەکانی دەستلەکارکێشانەوەی جبووری ئەوەیە شوێنەوار بەعسیان لەسەر لانەبردووە، یاخود بەهۆی ئەو ناکۆکییە سیاسییەی لە تەواوی عێراقدا هەیە، پێشی وابوو کە چەندی نزیکتر دەبنەوە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، شەڕی سیاسی توندتر دەبێت.
لەبارەی ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردن و بەتایبەت لە نەینەوا، عەلی خەلیل ئاشکرای کرد، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ هەڵبژاردن کردووە و ئومێدیشیان هەیە جەماوەریان بە جۆشوخرۆشەوە بێنە سەر سندوقی دەنگدان، لەگەڵ ئەوەش وەک هەموو جارێک هەوڵدەدەن یەکەم لیستی براوە بن لە نەینەوا .
بەرپرسی لقی 14ـی پارتی گوتی: خەڵکی نەینەوا باوەڕی پتەویان بە پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆک بارزانی هەیە، عەرەب و کورد و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە نەینەوا بە تێکڕا خۆیان بە قەرزاری پارتی و بارزانی دەزانن، بۆیە گەشبینن خەڵکی دەنگ بە ئەوان بدات.
لە ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی سەرکەوتن لە هەڵبژاردن ، عەلی خەلیل دڵنیایی باسی لەوەکرد، دەشتی نەینەوا، بێ خزمەتگوزاریی، ئەگەر دەنگی بەدەستهێنا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دەسەڵاتمان گرتە دەست، خزمەتێک پێشکەشی تەواوی دەڤەرەکە دەکەین لە مووسڵ و دەوروبەری و ئاوەدانی دەکەینەوە وەک هەرێمی کوردستان، گوتیشی: پرۆژەی زۆر باشمان هەیە بۆ موسڵ و داوا دەکەین هەمووان دەنگ بدەن بە لیستی ژمارە 197ـی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئا/ کارزان حەیدەر