ئەفرام حوسام بەربژێری پارتی لە نەینەوا: خزمەتی راستەقینەی پێکهاتەکانی نەینەوا دەکەین

K24-هەولێر

بەربژێرێکی پارتی لە نەینەوا پلان و بەرنامەکانی لیستەکەی ئاشکرا دەکات، کە جێبەجێکردنی پرەنسیپی پێکەوە ژیانی تەواوی نەتەوە و پێکهاتەکانە لە نەینەوا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) ، ئەفرام حوسام بەربژێری پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە نەینەوا بۆ کوردستان24 گوتی: پرەنسیپی پێکەوە ژیان لە نەینەوا دەپارێزین و هەوڵی جێبەجێکردنی رێکەوتننامه‌ی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچەیە دەدەین، کە بەهۆی کەمتەرخەمی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جێبەجێنەکراوە.

لەبارەی بەرنامە و پلانی پارتی بۆ خزمەتکردنی نەینەوا پاش بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە، ئەو بەربژێرەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، بەرنامەکانی پارتی گشتی دەبن بۆ خزمەتکردن لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتیش لە بواری تەندروستی و خوێندن.

لەبارەی ئەو رێگریانەشی کە لە کاندیدانی پارتی دەکرێت لە نەینەوا، ئه‌فرام حوسام گوتی: رێگری لە کاندیدانی پارتی دەکرێت بە دڕاندنی پۆستەرەکان و رێگەنەدان بە بەربژێرەکانی پارتی لەوەی بچنە هەموو شوێنێک، مانای ئەوەیە کە پارتی و  ئێمە زۆر بەهێزین و دەتوانین متمانەی خەڵکی بەدەست بێنین.

ئەو بەربژێرەی پارتی دڵنیایی دا لەوەی لیستی یەکەم دەبن بە هۆکاری بوونی بەرپرسی رێکخستنی نەینەوای پارتی نەوزاد هادی، کە متمانەی پێکهاتەکانی بەدەستهێناوە، بەتایبەتیش عەرەبەکان، فاکتەرێکی دیکەش 51 بەربژێرین لە هەموو پێکهاتەکان کە بووه‌ته‌ هێزێکی زۆر بۆ سەرکەوتن.

گوتیشی: دەمانەوێ بەهێزبین و خاوەن بڕیار بین لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ ئەوەی بتوانین رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەتایبەتیش دۆخی دەشتی نەینەوا و شنگال بگەڕێنینەوە دۆخی جارانی خۆی.

کارزان حەیدەر