سیپان عەزیز: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدات کێشەکان چارەسەر بکات
K24 - هەولێر
پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانەوەی تەواوی ئەو مافە دەستووری و یاساییانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەشەو و رۆژ کاردەکات، بەڵام هەمیشە ئاستەنگ دروستدەکرێت، تاوەکو ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان یان دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت.
سیپان عەزیز، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانەوەی تەواوی ئەو مافە دەستووری و یاساییانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەشەو و رۆژ کاردەکات، بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو قەیرانە داراییانە بکات کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دروستکراوە.
گوتیشی: چەندین جار رێککەوتن کراوە، بەڵام هەمیشە ئاستەنگ دروستدەکرێت و خوێندندنەوەی جیاواز بۆ بڕگەکان دەکرێت، تاوەکو ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان یان دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران بەردەوام بێت. ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ دووشەممە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە، کۆمەڵێک تەوەر تاوتوێ دەکات، یەکێک لەوانە بابەتی مووچەی سێ مانگە.
دەشڵێت: لەو بودجەیەی کە خۆیان پەسەندییان کردووە، دەبێت کار بەو نووسراوە بکرێت کە مانگانە 775 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێردرێت، بۆیە مووچەی ئەو سێ مانگە نابێت بفەوتێت، کە یەکێک لە هۆکارەکانی سەردانی ئەو شاندە لەسەر ئەو بابەتەیە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 27/11/2023 شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران بەرەو شاری بەغد بەڕێکەوتن".
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە: "بڕیارە شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە، پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبونەوەکە دەبن".