ستۆڵتنبێرگ: کاتی ئەوە هاتووە تورکیا ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات
K24 – هەولێر:
یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ داوای لە تورکیا کرد کە بە زووترین کات ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە برۆکسل رایگەیاند، "سوید بەڵێنەکانی جێبەجێکردووە و ئێستا کاتی ئەوەیە تورکیا پرۆسەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ پەسەند بکات.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پەرلەمانی تورکیا دەستیکرد بە گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، کە لە مانگی ئایاری 2022ـەوە هەڵپەسێردراوە و پێویستی بە دەنگی 31 ئەندامی ناتۆ هەیە.
تورکیا و هەنگاریا لە کۆی 31 ئەندامی ناتۆ، دوا دوو وڵاتن کە تا ئێستا ئەندامبوونی سویدیان لە ناتۆ پەسەند نەکردووە، لەکاتێکدا لە 31ـی ئاداری ساڵی رابردوو تورکیا رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەندامبوونی فینلاند لە ناتۆ.
ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی (18ـی تشرینی دووەمی 2023) لیژنەی کاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی تورکیا بڕیاری دواخستنی تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای پەسەندکردنی ئەندامبوونی سویدی لە ناتۆدا.
فواد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەکە گوتی: هاوپەیمانی گەل کە لە پارتی داد و گەشەپێدان و بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی پێکهاتووە، گفتوگۆی زیاتر ئەنجامدەدەن و رەنگە هەفتەی داهاتوو رەشنووسی یاساکە بگەڕێنێتەوە بۆ بەرنامەی کاری خۆی، بەبێ ئەوەی خشتەی کاتەکە دیاری بکات.
ئۆکتای، لە لێدوانێکیدا دوای چەند کاتژمێرێک لە گفتوگۆی لیژنەکەدا گوتی: بۆ ئەوەی هەموو نوێنەرەکانمان رازی بن بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ، دەبێت بە تەواوی بڕوایان پێبکرێت، هەموو ئەمانە لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکەماندا تاوتوێ دەکەین"
لە مانگی حوزیرانی 2022ـدا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لە نێوان تورکیا، سوید و فینلاند واژۆ کراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.
تورکیا داوا لە سوید دەکات دەیان لایەنگری پەکەکە کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی نیشتەجێن، رادەست بکاتەوە، بەڵام حکومەتەکەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بابەتەکە پەیوەستە بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە.