ژمارەیەک بارمتەی دیکەی ئیسرائیل لە غەززە ئازاد دەکرێن

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی ئاگربەست و رێککەوتن بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و دیلەکان و گەیشتنی هاوکاری مرۆیی، بزووتنەوەی حەماس 11 بارمتەی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە رادەستی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور کرد.

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کرد، کە 11 بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە رادەستی بەرپرسانی خاچی سوور کراون بە مەبەستی هێنانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.

لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی ئاڵوگۆڕی دیل کە لە میانی لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئێسرائیل هاتووتە ئاراوە، تا ئێستا 51 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کراون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ماجید ئەلئەنساری، لە روونکردنەوەیەکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرامبەر 11 بارمتەی ئیسرائیلیدا 33 هاووڵاتی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد دەکرێن.

ئەنساری ئاماژەی بەوەشکردووە، کە 33 دیلەکە سێیان ژن و 30یان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵن.

رۆژی دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) بە نێوەندگیری قەتەر ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە.

ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 24/11/2023، چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تائێستا زیاتر لە 50 بارمتەی ئیسرائیلی و 150 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کراون.