مردوو شۆرێکی سوودانی: بە بۆنی مردووەکان راهاتووم بەڵام شەڕ ماندووی کردووم

بابەکر حەمیدە تەیب
بابەکر حەمیدە تەیب

K24 - هەولێر

پیاوێکی سوودانی تەمەن 73ساڵ، بەناوی "بابەکر حەمیدە تەیب" 30 ساڵ لەمەوبەر وەک خۆبەخشێک بەڵێنی داوە وەک شوردن و ناشتنی مردووەکان کار بکات، لە ئێستاشدا رۆژەکانی ژیانی لە نێوان نەخۆشخانە و گۆڕستانەکانی شاری وەد مەدەنی بەسەر دەبات.

بابەکر حەمیدە تەیب بە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەتی" راگەیاند، "ناشتنی لاشە شیبووەکان ئازار و ماندوێتی زیاتر دەکات"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو لە ناشتنی مردووەکاندا، چیتر بۆنی تەرمی مرۆڤەکانی نەدەکرد تا ئەو رادەیەی هەرگیز ماسکی نەبەستووە".

بە گوتەی تەیب کاتێک یەکێکیان لە نەخۆشخانەکاندا دەمرێت، کەسوکارەکانیان سەریان لێ شێواوە لە چۆنیەتی ناشتنی، وەک زۆربەیان تەنانەت پارەی کڕینی کفنیشیان نییە، بۆیە بەڵێن دەدات کە بیانشوات و کفنیان بکات و بیاننێژێت.

بە ملیۆنان سوودانی لە خەرتوم ئاوارە بوون بۆ ئەوەی لە مردن رزگاریان بێت، بەڵام بەشێکی زۆریان بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن و نەبوونی دەرمانەوە گیانیان لەدەستداوە، یان بەهۆی ئەو پەتایانەی کە لە ئەنجامی تێکچوونی بارودۆخی ژیان و مرۆڤایەتییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەو پیاوە بەتەمەنە دەڵێت: "مردووەکان لە نەخۆشخانەکان و گۆڕستانەکان، یان تەنانەت لە ماڵی خۆمدا دەشۆم، کوڕەکانم هاوکارمن لەم ئەرکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی داوای مۆڵەتیان لە کەسوکاری مردووەکە کرد، ئەو روونی دەکاتەوە، کە بە درێژایی رۆژ مۆبایلەکەی لەبەردەستە، هەتا کاتێک دەخەوم دەیخەمە ژێر سەرینەکەمەوە، چونکە ئەمە ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و ئایینییە".

لە سوودان هیچ کۆمپانیا و لایەنێک نییە کە ناشتنی مردووەکان لە ئەستۆ بگرن، بەزۆری خەڵکی گوند، گەڕەک، یان ناوچەکە ئەرکی ناشتنی مردووەکان لە ئەستۆ دەگرن و ئەمەش بە رێوڕەسمێکی ئایینی دەزانن کە ئارەزوو دەکەن بەشداری تێدا بکەن، بەزۆری گەنجان گۆڕ هەڵدەکەن و بەساڵاچووانیش پەردەپۆشکردن و ناشتنی مردووەکان ئەنجام دەدەن.

تەیب، گلەیی لە نەبوونی کفن و خراپی بارودۆخی گۆڕستانەکانی وەد مەدەنی دەکات و دەڵێت: "گۆڕستانەکان هیچ رووناکی و ئاویان نییە، زۆرجاریش بە رووناکی مۆبایل ناچار دەبین مردووەکان بشۆین".

مردوو شۆرەکە ئاماژە بەوەشدەکات، بە وردی کێشەکەی دەخاتەروو و دەڵێت: ئێمە هیچ پارەیەک وەرناگرین بۆ ناشتنی مردووەکان، بەڵام تێچووی کفنەکە لە نێوان 15 بۆ 16 هەزار جونەیهی سوودانیدایە، 1000 جونەیهی سوودانی یەکسانە بە نزیکەی 1،66 دۆلاری ئەمەریکی.

کۆمیساریی باڵای پەنابەران و پزیشکانی سوودان لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، چەکدارانی هێزێکی نیمچە سەربازی و میلیشیا عەرەبییە هاوپەیمانەکانیان شارۆچکەیەکیان لە ناوچەی دارفور داگیرکردووە و زیاتر لە 800 کەسیان کوشتووە.

هێرشەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شاری ئەردەمتا لە شاری دارفۆری رۆژئاوا روویدا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە هێزەکانی پشیوانی خێرا لە 4ـی ئەم مانگەدا دەستیان بەسەر بنکەیەکی سەربازی ئەو شوێنەدا گرت.

سەڵاح تۆر، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی سودان لە دارفۆری رۆژئاوا رایگەیاند، هێزەکانی پشتیوانی خێرا و میلیشیا عەرەبییە هاوپەیمانەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەکە و بەهۆیەوە هەندێک لە خەڵک لەناو ماڵەکانیان کوژراون و ناوەندەکانی پەناگەی ئاوارەکانیان سووتاندووە.

ویلیام سپیندلەر، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "ئەم راپۆرتانەمان لە کەسانی تازەهاتوو بۆ چاد وەرگرتووە، ئەمانە پەنابەرن کە لە دارفۆر هەڵاتوون و باس لە میلیشیایەکی چەکدار دەکەن کە ماڵ بە ماڵ دەڕۆن و پیاو و کوڕ دەکوژن".

​لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، کە تاوەکو ئێستا بە دەیان هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوە بوون.