وەزارەتی تەندروستی: بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەکان کوالێتی دەرمان بەرزدەکاتەوە و ساختەکاری ناهێڵێت

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیا و زانیاری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەکانی تەندروستی، کوالێتی دەرمان بەرزدەکاتەوە و ساختەکاری ناهێڵێت.

ئەمڕۆ سێشەممە (26-ی تشرینی دووەمی 2023)، ئەندازیار حەربی ئەسعەد بەڕێوەبەری تەکنەلۆژیای زانیاری لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاند، وەزارەتی تەندروستی سەرجەم پرۆسەکانی بە ئەلیکترۆنی کردووە لە هاوردەکردنی دەرمان و جوڵەپێکردنی، لەگەڵ ستیکەری نوێ کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن و بە سیستەمێکی نموونەیی دروستکراوە.

گوتیشی: سیستەمەکە رێگری لە ساختەکردنی دەرمان  و ستیکەر دەکات  و نرخی دەرمانی تێدا دیاریکراوە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: لەو پرۆسەیە هاووڵاتی ئەگەر هەر کێشەیەک لەسەر دەرمان بەدی بکات، دەتوانێت دەرمانەکە بگەڕێنێتەوە، ستیکەری سەر دەرمانەکە ژمارەی کوالێتی  کۆنتڕۆڵی لەسەرە بۆ ئەوەی هاووڵاتی پەیوەندی بکات لە ئەگەری  هەر کێشەیەک ئەگەر لەسەر دەرمانەکە هەبێت.

حەربی ئەسعەد ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردن لە قۆناغی تەندەرینگەو وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ نۆ بەڕێوەبەرایەتی دەبەسترێتەوە.

دەشڵێت: هەر دەرمانێک جوڵەی پێی بکرێت لە هاتنە ناوەوەی بۆ هەرێمی کوردستان تا دەگاتە دەستی هاووڵاتی، هەمووی بە سیستەم دەکرێت، یەک لە گرنگترین ئامانجەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی وەزارەتی تەندروستی، بوونی دادپەروەرییە لەنێوان ئەوانەی دەرمان هاوردە دەکەن بەهۆیەوە هاووڵاتیان دوور دەبن لە دەرمانی ساختە و کوالێتی خراپ.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاندووە، هەنگاوی باشمان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کەرتی تەندروستی ناوە، ئەمەش ڕوونیی و کارایی زیاد دەکات و گەندەڵی و نادادیی کۆمەڵایەتی کەم دەکاتەوە.

د.سامان بەرزنجی ئاماژەی  بەوە کرد،  وەزارەتی تەندروستی دەبێتە  خاوەن داتای ڕوون  و گەندەڵیش ڕێی لێ دەگیرێت، هاوکات گوتی:  لە ساڵی ئاییندە جووڵەی زنجیرەیی دەرمان لە کارگەوە تا نەخۆش بە ئەلیکترۆنی دەخەینە ژێر چاودێرییەوە و کارتی تەندروستیی نەخۆش دروست دەکەین.

کارزان حەیدەر