وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ئیسرائیلە
K24 - هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30/11/2023، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا گەیشتە تەلئەڤیڤی پایتەخت ئیسرائیل.
لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، بلینکن تاوتوێی ئەگەری درێژکردنەوەی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەی زیاتر لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەکات.
لەوبارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، "یەکێکی دیکە لە تەوەری سەردانەکەی ئەنتۆنی بلینکن بۆ ئیسرائیل، پرسی شەڕی غەززە و شێوازی ئیدارەدانییەتی لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگ".
لە دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە، ئەمە سێیەم سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوارەم سەردانیشیەتی بۆ ئیسرائیل.
سەردانەکەی بلیکن بۆ ئیسرائیل هاوکاتە لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان حەماسا و ئیسرائیل بۆ ماوەی یەک رۆژ، کە ئەمڕۆ راگەیەندرا.
لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، بزووتنەوەی حەماس بە مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، دواتر ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد. بەپێی دوایین ئامار بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە 14 هەزار و 854 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون، لەو ژمارەیەدا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.
هەربەپێی ئامارەکان، لە شەڕی غەززە زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له ههزاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كرابوون.
ئاگربەستی مرۆیی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە رۆژی 24/11/2023ـەوە بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا چووە بواری جێبەجێکردنەوە. لەو ماوەیەدا حەماس 81 بارمتە و ئیسرائیلیش 180 هاووڵاتی فەڵەستینی ئازاد کردووە. دوو جاریش ئاگربەستەکە درێژکراوەتەوە.