ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانی یەمەن لەدەریای سوور خستە خوارەوە
K24 - هەولێر
کەشتییەکی جەنگی هێزی دەریایی ئەمەریکا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی یەمەنی لە دەریای سوور خستە خوارەوە، ئەمەش لە دوایین هەنگاوی بەرگریی سوپای ئەمەریکا لە ناوچەکە هات لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا.
کەشتییەکی جەنگی ئەمەریکی لە کاتی گەشتکردنیدا لە باشووری دەریای سوور، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی خستە خوارەوە کە لە ناوچەیەکی یەمەنەوە کە لەلایەن حوسییەکانی هەڵدرابوو.
فەرماندەیی سەربازی ناوەندی ئەمەریکا "سێنتکۆم" لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لەکاتی گەشتکردنیاندا لە باشووری دەریای سوور، کەشتی کارنی کە بە مووشەکی رێنمایی کراو تەیار کراوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کاس-04ـی دروستکراوی ئێرانی خستە خوارەوە کە لە ناوچەی حوسییەکانی یەمەنەوە هەڵدرابوو.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هەرچەندە مەبەستەکەی نادیارە، بەڵام فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بەرەو کەشتییە جەنگییەکە دەهات".
سێنتکۆم پشتڕاستی کردەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەنجامی خستنەخوارەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە هیچ زیانێکیان لە کارمەندان و کەلوپەلەکاندا نەداوە.
حوسییەکان کە بەشێکی زۆری یەمەنیان کۆنترۆڵ کردووە، لە سەرەتای شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە زنجیرەیەک هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک ئەنجامداوە.