وەزارەتی پێشمەرگە 'ئەفسەر و پێشمەرگەی وەرگیراو لە لیوای 20' ئاگاداردەکاتەوە

لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە
لۆگۆی وەزارەتی پێشمەرگە

K24 - هەولێر

وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی ناویان لە لیوای 20ـی هاوبەش هاتووەتەوە، "دەبێت رۆژی شەممەی داهاتوو ئامادەبوونی خۆیان دووپاتبکەنەوە".  

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30-11-2023، وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانگەوازێکدا "ئاگاداری سەرجەم  ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی کرد کە ناویان لە لیوای 20ـی پیادەی هاوبەش هاتووە لە رۆژی شەممە، 02-12-2023، ئامادەبوونی خۆیان دووپات بکەنەوە".

وەزارەتی پێشمەرگە بە پێویستی دەزانێت، "تەواوی ئەو کەسانەی ناویان بۆ لیوای 20 هاتووەتەوە تاوەکو رۆژی شەممە، 02-12-2023، پەیوەندی بەو جێگایانە بکەن کە پێیان راگەیندراوە" و دەڵێت،  "هەرکەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە پەیوەندی نەکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت".

وەزارتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوەکەیدا لینکی ماڵپەرێکی داناوە و دەڵێت، ئەوانەی ناویان هاتووەتەوە دەتوانن سەردانی (ئەم  لینکە) بکەن بۆ دۆزینەوەی ناو و  ئەو بنكانەی مەشق كە بۆیان دیاریكراوە.

رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی عێراق داوایکرد، سەرجەم ئەندامانی لیوای 20ـی هاوبەش لە رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2023ـەوە پەیوەندی بە بنکەکانی راهێنانەوە بکەن لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە.

پێشتر قارەمان شێخ كەمال، جێگری  سوپاسالاری پێشمەرگە بە كوردستان24ـی راگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێككەوتنی وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ دروستكردنی دوو لیوای ھاوبەش وەزارەتی پێشمەرگە لیوای 20ـی ھاوبەشی بۆ ئەم مەبەستە دیاریكردووە، بۆ ئەوەی ئەم دوو لیوا ھاوبەشە پێكبھێندرێت، دەبێت بچنە سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دواتر لەگەڵ لیوایەكی دیكەی وەزارەتی بەرگری دوو لیوای ھاوبەشیان لێدروست دەكرێت، لە سنووری كەركووك و دەشتی مووسڵ و مەخموور و خانەقین جێگیردەكرێن.

لەلایەن خۆیەوە عه‌مید هێمن حه‌سه‌ن، فه‌رمانده‌ی لیوای 20ـی هاوبه‌ش به‌ كوردستان24ـی گوتبوو، ئه‌ركی ئه‌و دوو لیوا هاوبه‌شه‌ پاراستنی ناوچه‌ بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌كان و رێگریكردنه‌ له‌ داعش بۆ به‌كارهێنانی ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ك مۆڵگه‌.