زاخۆ.. 50 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی کەرتی پەروەردە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کارکردن لە دروستکردنی قوتابخانەیەکی نوێ بەردەوامە و تا ئێستا %90ی کارەکانی تەواو بووە. ئەم قوتابخانەیە کە بە شێوازێکی نوێ و سەردەمیانە دروست دەکرێت، لە دوو نهۆم پێک دێت و 20 پۆلی خوێندنی لە خۆ دەگرێت.
پرۆژەکە بە گوژمەی یەک ملیار و 214 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت. نوورەددین شەهاب ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە کوردستان24ی گوتی: "ئەم قوتابخانەیە 20 پۆلە و یەکەم جارە قوتابخانەیەک بەم شێوازە دروست بکرێت. قوتابخانەکانی دیکە 18 پۆلین، بەڵام ئەمە دوو نهۆمە و سیستەمێکی پێشکەوتوو و نوێی هەیە."
کردنەوەی ئەم قوتابخانە نوێیە و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی دیکە، ئامانجی کەمکردنەوەی قوتابخانەی سێ دەوامی و دوو دەوامییە لە سنوورەکە. سەلام پیرۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی زاخۆ ئاماژەی بەوەدا بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026، شەش قوتابخانەی نوێ دەخرێنە خزمەت قوتابییانەوە، بە شێوەیەک سێ قوتابخانەی نوێ دروست کراون و ئەوانی دیکەش لە دوو دەوامی بوونەتە یەک دەوامی، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی قوتابییان لە پۆلەکاندا.
لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا 50 قوتابخانە نۆژەن کراونەتەوە و 13 قوتابخانەی نوێش دروستکراون، ئەم هەنگاوانە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە پۆلەکاندا دەبێت.
بۆ ساڵی نوێی خوێندن، زیاتر لە 101 هەزار قوتابی لە 243 قوتابخانەی سنووری زاخۆ لە قۆناغەکانی باخچەی ساوایان، بنەڕەتی و ئامادەیی دەست بە خوێندن دەکەن.