ماکرۆن: ستراتیژییەتی ئەمنیی ئیسرائیل دژی حەماس شکستی هێناوە

سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئیسرائیل لە لەنێوبردنی حەماس شکستی هێناوە؛ دەشڵێت، ئەو گرووپە بە شەڕ هەڵناوەشێتەوە، بەڵکوو تاکە ڕێگە دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین و دەرکردنی ئەو گرووپەیە لە ناوچەکەدا.

یەکشەممە 21ی ئەیلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: سەرەڕای ئەوەی سوپای ئیسرائیل توانیویەتی سەرکردە باڵاکانی حەماس بکوژێت، بەڵام لە ستراتیژییەتی ئەمنیی دژی حەماس شکستی هێناوە، چونکە حەماس لە سەرەتای ئەم شەڕەدا نزیکەی 25,000 چەکداری هەبوو، ڕەنگە ئیسرائیل نیوەیانی کوشت بێت، بەڵام ئێستا هەمان ژمارەی چەکداری هەیە.ئاماژەشی دا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە حەماس بە شەڕ لە هەڵناوەشێتەوە.

ماکرۆن دووپاتیشی کردەوە، ئەگەر بمانەوێت ئاشتییەکی بەردەوام بۆ ئیسرائیل و گەلەکەی بنیات بنێین، ئەوا دانپێدانانی دەوڵەتێکی فەڵەستین پێویستە.

دەشڵێت: ئەگەر هەموو ئەوانەی لە غەززە دەژین و هەموو ئەوانەی پشتیوانی لە دەوڵەتی فەڵەستین دەکەن، بە پشتیوانی حەماس بزانن، ئەوا ئەم شەڕە بە هیچ شێوەیەک کۆتایی ناهێت، مەگەر هەموو کەسێک بکوژرێت؛ ئەمەش ترسناکە.

سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی، پشتیوانی لەو ڕاپۆرتانەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناکەن کە باسی لە جینۆسایدکردنی هاووڵاتییانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەکەن.

باسی لەوەش کرد، تاوەکوو حەماس لە فەڵەستین بێت، باڵیۆزخانەکەیان لەوێ ناکەنەوە

ئەمەش لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی دووشەممە 22ی ئەیلوولی 2025، لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک دەنگ لەسەر ڕاگەیاندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل بدرێت

 
Fly Erbil Advertisment