پێنتاگۆن: ئێمە پارەمان نییە بۆ ئەوەی درێژە بە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدەین

K24 - هەولێر

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" هۆشداریدا لەوەی کەمی بودجە و سنووردارکردنی خەرجییەکان، هەڕەشە لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و توانای پشتیوانیکردنیان دەکات بۆ هەردوو وڵاتی ئیسرائیل و ئۆکرانیا.

کریس شیروود، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی جموجۆڵی سەربازەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانی بۆ دانەنرابوو، پێنتاگۆن ناچاربوو پارە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستا و چاککردنەوەکان بکیشێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەهۆی ئەوەی وەزارەتی بەرگری ناچاربووە بەدوای پارەدا بگەڕێت، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە کەمتر پارە بۆ مەشق ئۆپەراسیۆنەکان خەرج دەکرێت، کە پێشتر سوپا پلانی بۆ داناوە، کە رەنگە ۆارەدانی هەندێک گرێبەست دوابخرێن".

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر یاسای کاتی پارەدان کردبوو کە لەلایەن کۆنگرێسەوە پەسەندکرابوو، بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی کارەکانی حکومەتی ئەمەریکا، تا سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، هەروەها چاوەڕێی ئەوەیە ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران، یاساکەیان بە دەست بگات بۆ پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2024، کە لە نێویاندا داواکاریی بودجەی تایبەت بە بەهای 106 ملیار دۆلار، بۆ پشتگیریکردنی ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان و ئاسایشی سنوورەکانی تێدایە.

شارەزایانی سەربازی دەڵێن: پاڵپشتیکردنی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل کاریگەری زۆری لەسەر نەبووە، سەرەڕای دواکەوتنی پەسەندکردنی ئەو هاوکارییە بەپەلەیەی بایدن داوای کردبوو بۆ ئیسرائیل بە بەهای 14.6 ملیار دۆلار، واشنتن لە ساڵی 2023دا لانیکەم 16 جۆر چەکی بۆ تەلئەڤیڤ دابین کردووە کە بریتین لە مووشەک و فڕۆکە.

بە گوتەی ئیلیا یوسف، پسپۆڕی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەمەریکی لە سەنتەری ستیمسۆن، ئیسرائیل گەورەترین وەرگری هاوکاری سەربازیی بیانی ئەمەریکییە و زۆربەی ئەم هاوکارییە لە شێوەی یارمەتیی چەکدا دێت، ناوبراو لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە گۆڤاری تایمی راگەیاند، چەکی ئەمەریکی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێستای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەکاردەهێنرێت.