بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایی: کوردین بۆیە حکومەتی عێراق قەرەبوومان ناکاتەوە
K24 - هەولێر
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی زیندووڕاگرتنی یادی قوربانیانی چەکی کیمیاییە. رژێمی بەعس چەندین شار و گوندی هەرێمی کوردستانی بەو چەکە بۆردوومان کردووە و تاوەکو ئێستا قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی کیمایی نەکراوەتەوە.
ئەدیبە عەبدوڵڵا، بەرکەوتوویەکی چەکی کیمیایە؛ لەو کاتەوەی بالیسان بە چەکی کیمیایی بۆردوومان کراوە، رۆژەکان بۆ ئەو سەخت تێدەپەڕن و دوو منداڵیشی هەر ئەوکات شەهید بوون.
جگە لە خۆی، هاوسەر و منداڵەکانیشی بەرکەوتووی ئەو چەکە کیمیاییەن، بەردەوام هەناسەیان تەنگە، چاویان بەرەو نابینایی دەڕوات و پێویستییان بە دەرمان و نەشتەرگەرییە.
ئەدیبە عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەوەی بەرکەوتووی چەکی کیمایی بێت، لە نەخۆشخانە ژیان بەسەر دەبات. بەردەوام چاو، سینگ و پشتم ئازاریان هەیە و پەمپی هەناسە بەکاردەهێنم. دوو پێنگاو بڕۆین، دەبێت دابنیشین، لەبەر ئازاری سینگ و چاومان. هەموو منداڵەکانیشم وەکو منن. هەرگیز بۆ پارە و مووچە نەگریاوم، تەنها بۆ تەندروستی خۆم و منداڵەکانم گریاوم. شەوانە کە تەلەفۆنێکم بۆ دێت، دەترسم دەڵێم، دەبێت ئەم جارە کەمەیان تەندروستی تێکچووبێت؟".
ئەدیبە و خێزانەکەی وەک شایەتحاڵ بە ئاڵای کوردستانەوە چوونەتە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و دژی سەدام حسێن گوتەیان لێ وەرگیراوە. بڕیاربوو تەواوی بەرکەوتووانی چەکی کیمیای لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبوو بکرێنەوە، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن، "تەنیا قسەیە و لەبەر ئەوەی کوردین، هیچمان بۆ نەکراوە".
عەلی شێخە، بەرکەوتووی چەکی کیمیایی باس لەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا سەرکردە نەبووە لە عێراق نیشتمانی بێت و رێز لە هەموو وڵاتەکە بگرێت. هەموویان دیکتاتۆریان لە قاڵبیاندایە بۆیە ئێمەیان قەرەبوو نەکردووەتەوە. دەبووایە حکومەتی عێراق بەپێی بڕیاری دادگا ئێمەی قەرەبوو کردبایەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کوردین ئەو کارە ناکات".
ئەحمەد رەسووڵ، بەرێوبەری گشتی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەوڵی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بکاتەوە، بەڵام کێشەکە بووەتە سیاسی".
بەرێوبەری گشتی لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەشڵێت، "بە بڕی زیاتر لە 270 ملیۆن دۆلار زیان بەر خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیشتووە، بۆیە پێویستە ئەمڕۆبێت یان لە داهاتوودا، حکومەتی عێراق قەرەبووی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بکاتەوە، چونکە لەلایەن دادگای تاوانەکانی عێراقەوە ئەم دۆسیانە بە جینۆساید ناسێندراون و هەردوو پەرلەمانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش پەسەندی کردوون".
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانیانی چەکی کیمیاییە، لە جیهانیشدا یادی ئەم رۆژە دەکرێتەوە و هێشتا کورد قوربانی چەکەکەیە. ئەم ڕۆژە هەلێکە بۆ دووبارە جەختکردنەوەی پابەندبوونی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی “OPCW” بۆ لەناوبردنی هەڕەشەکانی ئەم چەکە.
چەکی کیمیای جۆرێکە لە جۆرەکانی چەکی کۆکوژ "weapons of mass destruction" کە هەریەک لە چەکی بایۆلۆجی، ئەتۆمی و تیشک دەگرێتەوە. بەکارهێناینان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی قەدەغەیە؛ واتە چەکی کیمیایی کۆمەڵێک گاز و ژەهری کوشندەیە و، لەکاتی بەرکەوتنی لەگەڵ مرۆڤ دەیکوژێت.
لە ماوەی سەدەی بیستەمدا زیاتر لە 70 جۆر چەکی کیمیایی تۆمارکراون. سەرچاوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، تا ئێستا چوار جار گازی سارین بەکارهاتووە؛ یەکەمجار لە رۆژی 16-03-1988 لە هەڵەبجە، لەلایەن ڕژێمی سەدامەوە بەکارهێندراوە کە لە ئەنجامدا پێنج هەزار هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.