سێنتکۆم: رێگریمان لە کەشتییەک کرد بەرەو بەندەرێکی ئێران دەچوو

وێنە؛ ئەرشیف گەرووی هورمز
وێنە؛ ئەرشیف گەرووی هورمز

فەرماندەی هێزەکانی ناوەندیی ئەمریکا "سێنتکۆم" ئەمڕۆ شەممە 25ـی نیسانی 20256، رایگەیاند؛ تێکشکێنەری "یو ئێس ئێس ڕافائیل پێراڵتا"، رێگری لە کەشتییەک کردووە، بە ئاڕاستەی یەکێک لە بەندەرەکانی ئێران دەچوو.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە، کەشتییە راگیراوەکە ئاڵای ئێرانی پێوە بووە و ئەم هەنگاوەش لە چوارچێوەی "گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران" ئەنجامدراوە.

لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند؛ دەستیان بەسەر کەشتیی (ئیپامیدۆنس - Epameidondas)دا گرتووە. ئێران دەڵێت؛ ئەم کەشتییە هاوکاریی سوپای ئەمریکای کردووە، هۆشدارییەکانی پشتگوێ خستووە و چەندین سەرپێچی دەریایی ئەنجامداوە.

ئەم ئاڵۆزییانە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە راگەیاندراوەکەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) سەبارەت بە گۆڕینی ئاڕاستەی 34 کەشتی، وەک بەشێک لە رێکارەکانی سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا.

دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لە لایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە 20% بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت. 

هەروەها دۆناڵد ترەمپیش لە بەرانبەر داخستنی گەرووەکە گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و ناهێڵێت هیچ کەشتییەکی بازرگانی تاران هاتوچۆ بکات. بەمەش ئێران ناتوانێت بەرهەمی نەوتی هەناردە بکات.