وەزارەتی ناوخۆ: بەهۆی سوکایەتیکردن بە زیارەتکارانی شیعە کەسێک دەستگیرکرا
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەسێکیان بە ناوی "عومەر جەمال" دەستگیر کردووە، بەهۆی ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" چەند پۆستێکی نەگونجاوی بەرامبەر زیارەتکارانی شیعە و مەزارە پیرۆزەکان بڵاوکردووەتەوە.
هەینی 24ـی نیسانی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە مافی ئازادیی نووسین و گوزارشتکردن لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە، بەڵام نابێت ئەو ئازادییە بۆ تەشهیرکردن بە هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگە و تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی بەکاربهێندرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێک بە ناوی "عومەر جەمال" دەستگیر کراوە، بەهۆی ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" چەند پۆستێکی نەگونجاوی بەرامبەر زیارەتکارانی شیعە و مەزارە پیرۆزەکان بڵاوکردووەتەوە.
هەر لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، بەرپرسیار دەبێت لەبەردەم یاسادا، بۆیە ناوبراو لەسەر فەرمانی دادوەر و لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و رێکاری یاسایی پێویستی لەبەرانبەر گیراوەتەبەر.