لە ماڵی مالکییەوە پێشنیازی وەرگرتنی پێنج وەزارەت و داخستنی دۆسییەکان کۆنەکان دەکرێن

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ئەمڕۆ شەممە 25ـی نیسانی2026، رایگەیاند؛ درەنگانی شەوی هەینی کۆبوونەوەیەک لە ماڵی نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بە بەشداری (نوری مالکی، عامر فایز، موحسین مەندەلاوی و ئەبو ئالا وەلائی) بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی شێوازی پێکهێنانی حکوومەت و دابەشکردنی وەزارەتەکان بوو.

گرنگترین خاڵەکانی کۆبوونەوەکە و پێشنیازە نوێیەکە بریتیی بووە لە؛ پێشنیازێک کراوە لە کۆبوونەوەی شەوی شەممەی چوارچێوەی هەماهەنگی بخرێتە روو، ئەویش کاندیدکردنی (باسم ئەلبەدری)یە بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت. هەروەها لە بەرامبەر کاندیدکردنی بەدری، هاوپەیمانی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان) بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، 5 وەزارەت وەردەگرێت، کە یەکێکیان سیادی دەبێت، لەگەڵ پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران. لەگەڵ ئەوەشدا کۆبوونەوەکە گەیشتووەتە تێگەیشتن لەسەر نەکردنەوەی دۆسیەکانی حکوومەتەکانی پێشوو و کارکردن بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و بەشداربووان پشتگیرییان لەو کاندیدە نوێیانە نەکرد کە لە کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی ماڵی هەمام حەموودی پێشنیازکرابوون (وەک حەیدەر عەبادی، عەدنان زورفی و محەمەد ساحیب دەرەجی).

ئەم جووڵانە دوای ئەوە دێن چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانی لەسەر کاندیدێک رێکبکەوێت بەهۆی ململانێی نێوان (مالیکی و سوودانی). ئێستا لایەنەکان لەبەردەم فشارێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدان، بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی نزار ئامیدی بە سەرۆک کۆمار، کە وادە دەستوورییەکە بۆ دیاریکردنی کاندیدی فراکسیۆنی گەورە ئەمڕۆ شەممە کۆتایی دێت.

رۆژی هەینی، 24ـی نیسانی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی، بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبووەوە.

بەڵام چوارچێوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری دا پرۆسەی یەکلاکردنەوە و راگەیاندنی ناوی کاندیدی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ سبەی شەممە دابخات، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری نەگەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتر چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەر سێ کۆبوونەوەی رۆژانی شەممە، دووشەممە و چوارشەممەی رابردوودا، شکستی هێنابوو لە رێککەوتن لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بەو هۆیەوە بڕیاری یەکلاکردنەوەی پرسەکە بۆ هەینی دواخرابوو.