بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە 13 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر
نووسینگەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتنی شاری ئەلماتا کە گەورەترین شاری کازاخستانە رایگەیاند، بەهۆی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون 13 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتی فریاکەوتنی شاری ئەلماتا لە راگەیەندراوێکیدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەرووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە شەقامی عودەی شاریپۆڤ ئاگاداکراونەتەوە، کە بالەخانەیەکی سێ نهۆمی نیشتەجێبوون ئاگری گرتووە، دەشڵێت: دوای گەیشتنی تیمی ئاگرکوژێنەوە بۆ شوێنی رووداوەکە، توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکەن.
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە و پشکنینی شوێنی رووداوەکە، تەرمی 13 کەس دۆزراوەتەوە و ناسنامەکانیان دیاریکراوە، هەروەها دووکەسی دیکەش بەهۆی رووداوەکەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
ئاماژەبەوەشکراوە: لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە ئەوکەسانەی گیانیان لەدەستداوە بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون.
راشیگەیاند، 72 کەس لەو باڵەخانە سێ نهۆمییەدا دەژین، کە 59 کەس توانیویانە خۆیان رزگار بکەن، تاوەکو ئێستاش لێکۆڵینەوەکان بۆدیاریکردنی هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە.