هەولێر مۆتۆر سیتی دەرگای قۆناخێکی نوێی پیشەسازی، وەرزش و وەبەرهێنان لە هەرێم دەکاتەوە
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، بووژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی و گەشتیاری، و راکێشانی سەرمایەی بیانی، پڕۆژەی ستراتیژیی 'هەولێر مۆتۆر سیتی' لەگەڵ پڕۆژەکانی فراوانکردنی ناوەندی پشکنینی پێش رادەستکردن (PDI) و کۆگای ناوەندیی پارچەی یەدەک (CPD) لە لایەن کۆمپانیای "تۆیۆتا عێراق"ەوە جێبەجێ دەکرێت. ئەم پڕۆژە زەبەلاحە کە بەردی بناغەکەی لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دانرا، نەخشەی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و وەرزشی مۆتۆڕسپۆرت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە دەگۆڕێت.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، چواس حەوێزی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری حکوومەت و پەیوەندییە گشتییەکان لە سەردار گرووپ ، وردەکاری، ژمارەکان، قۆناخەکانی کارکردن و ئاسۆی ستراتیژیی پڕۆژەکەی خستەڕوو.
تێچوو و قەبارە؛ شاری ئۆتۆمبێل لەسەر رووبەری 250 هەزار مەتری چوارگۆشە
بەپێی زانیارییە وردەکانی چواس حەوێزی بۆ کوردستان24، پڕۆژەکە تەنیا گۆڕەپانێکی ئاسایی شۆفێری یان دامەزراوەیەکی بازرگانیی تەقلیدی نییە، بەڵکو کۆمەڵگەیەکی فرەڕەهەندە کە لەسەر رووبەری گشتیی 250 هەزار مەتری چوارگۆشە جێبەجێ دەکرێت و سێ پایەی سەرەکیی پیشەسازی و وەرزشی لەخۆ دەگرێت:
1. دامەزراوەی فراوانکردنی پشکنینی پێش رادەستکردن (PDI Center Expansion).
2. عەمباری ناوەندیی پارچە یەدەگەکان (Central Parts Depot - CPD).
3. ناوەندی سەرەکیی "هەولێر مۆتۆر سیتی".
125 هەزار مەتری چوارگۆشە: فراوانکردنی سەنتەری پشکنینی پێش رادەستکردن و کۆگای گومرگی (PDI & Bonded Area).
25 هەزار مەتری چوارگۆشە: عەمباری ناوەندیی پارچە یەدەگەکان (Central Parts Depot).
100 هەزار مەتری چوارگۆشە: پڕۆژەی "هەولێر مۆتۆر سیتی" (Hawler Motor City).
جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری حکوومەت و پەیوەندییە گشتییەکان لە سەردار گرووپ باسی لەوەش کرد، لە قۆناخی یەکەمدا تەنیا هەولێر مۆتۆر سیتی رووبەری 100 هەزار مەتری چوارگۆشە دادەپۆشێت و کۆی قەبارەی وەبەرهێنان تێیدا دەگاتە نزیکەی 20 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی. جەختیشی کردەوە کە هاتنی براندێکی نێودەوڵەتیی وەک "تۆیۆتا" بەم قەبارە داراییەوە بۆ هەولێر، بەڵگەی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بوونی متمانەیەکی پۆڵایینە بە توانای بازاڕ و ژینگەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی.
بەشەکانی مۆتۆرسیتی؛ گۆڕینی خولیای شەقام بۆ ژینگەیەکی سەلامەت و کۆنترۆڵکراو
پڕۆژەکە بە کۆمەڵێک بەشی پێشکەوتوو بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەخشێندراوە کە بریتین لە:
گۆڕەپانی کارتیینگ (Karting): هۆڵی داخراو و کراوە بۆ پێشبڕکێ و سەرگەرمی.
رێڕەوی تاقیکردنەوە و بەڕێوەبردنی ئۆتۆمبێل (Handling Track).
گۆڕەپانی داینامیکی (Dynamic Driving Pad): تایبەت بە چالاکییەکانی درێفت، مەشقی لێهاتوویی شۆفێران و پەروەردەی سەلامەتی.
رێڕەوی لێخوڕینی سەخت و شاخاوی (Off-Road Track): بۆشاییەکی پارێزراو بۆ تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلە بەرز و دوودەفەرەکان.

چواس حەوێزی لەم بارەیەوە گوتی: "ئامانجی گەورەی ئێمە بەرزکردنەوەی ئاستی سەلامەتییە لەسەر شەقامە گشتییەکان. ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی ئەم ناوەندەوە ئەو جۆش و خڕۆشەی لە شۆفێریی لاواندا دەبینرێت، لە شەقامە گشتییەکانەوە بگوازینەوە بۆ نێو ژینگەیەکی یاسایی، کۆنترۆڵکراو و پارێزراو بە ستانداردی جیهانی؛ تا لەوێدا هەم چێژ لە خولیاکانیان وەک درێفت و ئۆف رۆد وەربگرن، و هەم فێری کۆنترۆڵکردنی دروستی ئۆتۆمبێل و شۆفێریی بەرپرسیارانە ببن."
ئەم دیدگایە تەواوکەری گوتەکانی شارەزایانی پڕۆژەکەیە لە ئاهەنگی دانانی بەردی بناغە؛ لەوانە ئەمیر ئەلبیبانی، پسپۆڕی وەرزشی خێرا لە تۆیۆتا کە جەختی کردەوە پاراستنی گیانی شۆفێران پایەی سەرەکیی کارەکانیانە، و ویلیام چاتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزارییەکان کە دووپاتی کردەوە مۆتۆرسیتی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی راهێنانی شۆفێران دەهێنێتە هەولێر.
ئاسۆی ئابووری و سەدان هەلی کار بۆ گەنجان
جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری حکوومەت و پەیوەندییە گشتییەکان لە سەردار گرووپ، ئاشکرای کرد، پڕۆژەی هەولێر مۆتۆر سیتی بزوێنەرێکی گەورەی ئابووریی ناوخۆیی دەبێت لە رێگەی ڕەخساندنی دەرفەتی کاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ و گوتیشی: ناوەندی پشکنین (PDI) ئێستا 85 کارمەندی هەیە؛ عەمباری ناوەندیی پارچەی یەدەگ (CPD) نێوان 30 بۆ 40 هەلی کاری نوێ دەڕەخسێنێت؛ خودی مۆتۆرسیتیش 60 بۆ 70 هەلی کاری پسپۆڕانە لە بوارەکانی بەڕێوەبردن، چاکسازی، راهێنان و پێشوازی دابین دەکات، سەرباری بەشداریپێکردنی دەیان ئەندازیار و کرێکاری خۆماڵی لە قۆناخی بیناسازیدا.
ئاماژەشی دا، بووژاندنەوەی بازاڕی کەرتی پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل وەک کۆمپانیاکانی تایە، سیستەمی هەڵواسین ، و پارچەی دەستکاریکردن؛ هاوکات پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی وەرزشی کە هۆتێل، چێشتخانە و گواستنەوەی هەولێر دەبووژێنێتەوە بەهۆی هاتنی وەرزشوانان لە سەرانسەری عێراق و وڵاتانی ناوچەکەوە.

روانگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی؛ کەرتی تایبەت و پێگەی جیۆپۆلەتیکیی کوردستان
لە گوتاری دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لەم پڕۆژەیەی ڕوانی و ستایشی سەردار گرووپ و تۆیۆتا عێراقی کرد بە سەرۆکایەتیی سەردار بیبانی، بۆ دەستپێشخەرییە بەردەوامەکانیان لە بوارەکانی وەبەرهێنان، پیشەسازی و گەشتیاری.
سەرۆکی حکوومەت رایگەیاندبوو: "کابینەی نۆیەم لە سەرەتاوە کارنامەکەی ئەوە بووە کە هەلی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنێت و گرنگی بە کەرتی تایبەت بدات تا هاوکار بێت لە بووژانەوەی ئابووری لە هەموو سێکتەرەکاندا؛ دروستکردنی ئەم جۆرە پڕۆژانە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لاوانمان لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن و پەرە بە تواناکانیان بدەن."
مەسرور بارزانی هەروەها سەرنجی خستە سەر پێگەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا و گوتی: "کوردستان لە رووی جیۆپۆلەتیکییەوە شوێنێکی هەڵکەوتووە بۆ بەستنەوەی چەندین بازاڕی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە لایەک تورکیا، لە لایەک ئێران و لە لایەکی دیکەش وڵاتانی عەرەبی. کوردستان لە ناوەڕاستی ئەم مارکێتە گەورانەدایە و دەتوانێت هاوکار بێت لە بەستنەوەی ئابووریی ئەم وڵاتانە و نزیککردنەوەی گەلان لە رێگەی بازرگانی و پڕۆژەی هاوبەشەوە."
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش کردبوو، بوونی بەشێکی وەک مۆتۆرسیتی ڕێگە لە بەردەم هەزاران گەشتیار دەکاتەوە لە عێراق و دەرەوە سەردانی هەولێر بکەن، و ژینگەیەکی پرۆفیشناڵیش دەڕەخسێنێت تا گەنجان فێری شۆفێریی سەلامەت ببن و رێگری لە رووداوی نەخوازراوی هاتووچۆ بکرێت.
ستانداردی ژاپۆنی و یەکەمین کۆگای گومرگیی هاوچەرخ
لە رەهەندێکی تەکنیکی و یاسایی گرنگدا، ئاوارە ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە تۆیۆتا عێراق لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاندبوو، کۆگای ناوەندیی پارچە یەدەگەکان (CPD) دەبێتە یەکەمین کۆگای گومرگیی هاوچەرخ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە لە خێرایی هاوردەکردن و دابەشکردنی پارچەی یەدەکدا دروست دەکات. هەروەها حازم بەستامی، بەڕێوەبەری گشتیی پارچەی یەدەگ دووپاتی کردەوە کە ئامانجی تۆیۆتا بەتەنیا دروستکردنی باڵەخانە نییە، بەڵکو وەبەرهێنانە لە مرۆڤ و داهێناندا.
لەلایەکی دیکەوە، هیتۆشی ئیشیزوکا، سەرۆکی نووسینگەی کونسوڵگەریی ژاپۆن لە هەولێر بە نوێنەرایەتیی باڵیۆزی ژاپۆن لە بەغدا، پیرۆزبایی حکوومەتی وڵاتەکەی گەیاند و جەختی لەوە کردەوە ئەم پڕۆژانە دەبنە مایەی پتەوکردنی پەیوەندییە مێژوویی و ئابوورییەکانی نێوان ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری حکوومەت و پەیوەندییە گشتییەکان لە سەردار گرووپ لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەردار گرووپ لەم پڕۆژەیەدا گواستنەوەی تەواوی ستانداردە توندوتۆڵەکانی تۆیۆتای ژاپۆنە بۆ دەستی کاری ناوخۆیی لە رێگەی مەشقپێکردن و ئاشناکردنیان بە نوێترین کەرەستە و تەکنۆلۆژیای سەردەم.

کاتی کارپێکردن و داهاتووی مۆتۆرسپۆرت لە هەولێر
دەربارەی وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکە، چواس حەوێزی رایگەیاند: "پەرەپێدانی پڕۆژەکە بە قۆناخ دەبێت؛ بەپێی نەخشەی دیاریکراو، کارەکانی قۆناخی یەکەم کە پێکدێت لە رێڕەوی لێخوڕینی سەخت (Off-Road) و گۆڕەپانی داینامیکیی شۆفێری، لە ماوەی 12 مانگ پاش دانانی بەردی بناغە کە لە 30ی ئەیلوولی 2026 دانرا، بە تەواوی جێبەجێ دەکرێت و دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و ئارەزوومەندانی ئەم بوارە، پاشان قۆناخەکانی دیکە بەدوایدا دێن."
هەروەها لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24 سەرنجی خستە سەر ئاسۆی وەرزشی پڕۆژەکە و دووپاتی کردەوە، هەرچەندە قۆناخی سەرەتا بۆ پێشبڕکێ یەکجار گەورە نێودەوڵەتییەکان تەرخان نەکراوە، بەڵام بناخەیەکی تەواو پتەو دادەنێت بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییە هەرێمییەکانی وەک دیاریکردنی خێراترین کات، کارتیینگ و درێفت؛ بەمەش هەولێر دەبێتە پێشەنگی گەشەپێدانی ئەم کەرتە و پایتەختی هەرێمی کوردستان بە فەرمی دەچێتە نێو نەخشەی چالاکییە وەرزشییە خێراکانی ناوچەکەدا.