شارەوانیی هەولێر: ژێر پردی سەیداوە لە مەترسیی لافاو دەپارێزرێت
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی وەرزی زستاندا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە رێگای شارەوانیی یەکەوە، هەستا بە جێبەجێکردنی پلانێکی پارێزراو بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و رێکخستنەوەی ژێر پردی سەیداوە.
یەکشەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، دوای ئەوەی تیمەکانی شارەوانیی تەواوی ژێر پردی سەیداوەیان لە پاشماوە و خۆڵ و خاشاک پاککردەوە و بە تەواوی چارەسەر کرا، ئەمڕۆ شارەوانیی یەک بە دانانی بەربەستی کۆنکرێتی رێگری لە وەستانی ناڕێکی ئۆتۆمبێل کرد لەو شوێنەدا.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەپێی هەڵسەنگاندنە ئەندازیارییەکان، ژێر پردی سەیداوە دەکەوێتە ناو زۆنی لاواز بۆ کۆبوونەوەی ئاو لە کاتی شەپۆلە بەهێزەکانی بارانباریندا. بۆیە ئەم رێکارە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزییە لەپێناو دوورکەوتنەوە لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و پاراستنی سەلامەتیی گیان و سەروماڵی هاووڵاتییان.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەمە تەنیا هەنگاوی یەکەمە. جگە لە پاککردنەوە و دانانی بەربەست و فراوانکردنی رێڕەوەکانی ئاو، شارەوانیی یەک پلانێکی تۆکمە و ستراتیژی داناوە بۆ گۆڕینی تەواوەتی رووخساری ژێر پردی سەیداوە و بەکارهێنانەوەی بە شێوازێکی شارستانیانە و رێکخراوتر لە داهاتوویەکی نزیکدا.